ئەمریكا بە مەبەستى كشانەوەی سەربازەكانی شاندێكی ڕەوانەی نەیجەر كرد

ناوەندی هەواڵەكان

ئەمڕۆ ئەمریكا شاندێكی ڕەوانەی نەیجەر كرد بە مەبەستى دەستپێكردنی وتووێژی ڕاستەوخۆ لەگەڵ كاربەدەستانی ئەو وڵاتە سەبارەت بە كشانەوەی هێزەكانیان، كە ژمارەیان زیاتر لە هەزار سەربازە.

میدیا عەرەبییەكان لە بارەی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە وڵاتی نەیجەر و دەستپێكردنی دانووستاندەكان لەو بارەیەوە زانیاریی نوێ دەخەنەڕوو.

میدیاكان بڵاویان كردووەتەوە، نەیجەر بنكەیەكی سەرەكی بوو بۆ ئۆپەراسیۆنەكانی دژە تیرۆر لە ناوچەكە، بەڵام دەسەڵاتدرانى ئەو وڵاتە كۆتایی هاتنی ڕێككەوتنی هاوكاری سەربازییان لەگەڵ واشنتۆن ڕاگەیاند و داوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكایان لە وڵاتەكەیان كرد.

ئەمریكا هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاند، ڕەزامەندییان دەربڕیوە لەسەر كشانەوەی هێزەكانیان لەم هەفتەیەدا و لە ماوەی چەند ڕۆژێكدا شاندێك ڕەوانەی نیامی دەكەن، بۆ ئەو مەبەستەش ئەمڕۆ ئەو شاندە گەیشتنە نەیجەر و بڕیارە هەر ئەمڕۆ كاپلین فیتزگیبۆن باڵیۆزی ئەمریكا لە نەیجەر و جەنەڕاڵ كێن ئایكمان، ئەفسەری باڵا لە فەرماندەیی ئەفریقا لەگەڵ نوێنەرانی حكومەتی نەیجەر كۆببنەوە، بە مەبەستى دەستپێكردنی گفتوگۆكان لەسەر كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا.

پێشتر ماتیۆ میلەر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ڕایگەیاندبوو، هەفتەی داهاتوو بەرپرسانی دیكەی پنتاگۆن كۆبوونەوە لە نیامی ئەنجام دەدەن، بۆ ئەو مەبەستەش كورت كامپبێل جێگری وەزیری دەرەوەى وڵاتەکەمان سەردانی نەیجەر دەكات، بۆ گفتوگۆ كردن لەسەر هاوکارێیەکانى نێونا هەردوولا.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەمریكا شانازی بە هاوكاری ئەمنی هاوبەشی لەگەڵ نەیجەرییەكان دەكات، كە بەشدارییان لە سەقامگیری ناوچەكەدا كردووە.

هاوكات، زیاتر لە هەزار سەربازی ئەمریكی لەسەر خاكی نەیجەر بوونیان هەیە، زۆربەیان لە بنكەی ئاسمانی ئاگادیر لە باكووری ئەو وڵاتە جێگیركراون، بنكەكە بە ستراتیژی دادەنرێت بۆ ئەمریكا، چونكە فڕۆكەی جەنگی و هێلیكۆپتەرەكانی ئەمریكا تێدایە.

جێگەی ئاماژەیە، لە ١٣ـی نیسانی ساڵی ڕابردوو هەزاران هاوڵاتیی نەیجەر لە خۆپیشاندانێكدا لە نیامی پایتەخت داوای چوونە دەرەوەی سەربازانی ئەمریكایان لە وڵاتەكەیان كرد.

هـ.ئ

Comments are closed.