لە چۆمان زیاتر لە ١٢ هەزار مین لە ناوبرا

ناوەندی هەواڵەكان

دەزگای كاروباری مینی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردەوە، زیاتر لە ١٢ هەزار مین و پاشماوەی جەنگ لە شارۆچكەی چۆمانی سەر بە پارێزگای هەولێر لە ناوبران، تا ئێستاش ڕووبەرێكی گەورە لە هەرێمی كوردستان مینی نەتەقینەوەیان تێدایە.

عەلی عەبدول ڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتی كاروباری مینى هەرێمی كوردستان لەبارەی ژمارەی ئەو مینانەی لە سنوورى چۆمان لەناوبراون، بۆ میدیا ناوخۆییەكان دەدوێت.

عەلی عەبدول ڕەحمان ڕایگەیاند، تیمی لەناوبردنی تەقەمەنی (EOD) بە هاوكاری تیمی شارەزایانی تەقەمەنی فەرەنسی، ١٢ هەزار و ٢٢٨ مینى پاشماوەی جەنگ لە ناوبران، كە لە ئەنجامی كاری ڕۆژانەی چەند ساڵێک كۆكرابوونەوە.

دوای ئەوەی ڕژێمی بەعس بە درێژایی ساڵانی شەڕی لەگەڵ ئێران هەزاران مینى لەسەر سنوورەكان چاند، لە ئەنجامدا زۆرێك لە جووتیاران و گوندنشینان بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە و بریندار بوون.

دوای ساڵی ١٩٩١، زۆرێك لە ڕێكخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكانی مین بەشدارییان كرد، لە پاككردنەوەی سنووری عێراق و ئێران لە تەقەمەنی، تا ئێستاش ڕووبەرێكی گەورە لە هەرێمی كوردستان مینی نەتەقینەوەیان تێدایە.

دەزگای كاروباری مین لە ساڵی ٢٠٠٧ دامەزرا بۆ هاوكاریكردنی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە مەبەستى پاككردنەوەی زەوییە مینڕێژکراوەکان.

جێگەی ئاماژەیە، دەوڵەتی داگیركەری تورك ڕۆژانە بە دەیان جۆر بۆمب و تەقەمەنی هێرش دەكاتە سەر گوندنشینانی سەر سنوورەکانى هەرێم و هاوڵاتیانی مەدەنی دەكاتە قوربانی.

هـ.ئ

Comments are closed.