ئەمریکا یاسایەکی تایبەتی لەسەر ناوی ژینا ئەمینیی دەرچوواند

ناوەندی هەواڵەکان

ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا لە چوارچێوەی پاکێجی ئاسایشی نیشتمانیی ‘یاسای مەهسا’ (MAHSA Act)  کە کورتکراوەی ‘یاسای مافەکانی مرۆڤ و لێپرسینەوەی ئاسایشی مەهسا ئەمینی”ـیە، بە زۆرینەی دەنگ پەسەند کرد.

وەک بەشێک لە پاکێجی ئاسایشی نیشتمانیی، ئێوارەی سێشەمە ٢٣ـی مانگی نیسان، لەلایەن ئەنجوومەنی پیران لەناو کۆنگرێسی ئەمریکاوە ‘یاسای مەهسا’ (MAHSA Act)  پەسەند کرا و ڕەوانەی کۆشکی سپی کرا بۆ ئەوەی لەلایەن جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکاوە واژۆ بکرێت و بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

“یاسای ماهسا” سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پابەند دەکات بە سەپاندنی سزا لە شێوەی قەدەغەکردنی پێدانی ڤیزا و دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵی هاوڵاتییانی بیانی کە پەیوەندییان بە ئێرانەوە هەیە.

لەسەر بنەمای ئەم یاسایە عەلی خامنەیی ڕابەری ڕژێمی ئێران و ئیبراهیم ڕەئیسی سه رۆککۆماری ئێران و دامودەزگاکانی په یوەندیدار به تاوانی “پێشێلکردنی مافه کانی مرۆڤ” و “پشتیوانی له تیرۆر” دەکەونە ژێر سزاکانەوە.

پاکێجی ئاسایشی نیشتمانیی پەسەندکراوی ئەم دواییەی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا، کە چوار گەڵاڵەی جیا لە خۆ دەگرێت، بریتییە لە ٦١ ملیار دۆلار هاوکاری ئۆکراین لە دژی ڕووسیا، ٢٦ ملیار دۆلار هاوکاری ئیسرائیل لە دژی چەکدارانی حەماس و زیاتر لە ٨ ملیار دۆلار هاوکاری تایوان بۆ بەرەنگاربوونەوەی چین.

پڕۆژەیاسای چوارەم بریتییە لە دابینکردنی بودجە بۆ قەدەغەکردنی ئەپڵیکەیشنی “تیک تاک”، ئاسانکاری بۆ گواستنەوەی سەروەت و سامانی دەستبەسەرداگیراوی ڕووسیا بۆ ئۆکرانیا، هەروەها ڕێوشوێنیەکانی سەپاندنی سزای نوێ دژی ڕژێمی ئێران کە بە “یاسای مەهسا” ناسراوە.

ب.گ

Comments are closed.