لە قەڵادزێ هاوڵاتییەکی بەنگلادیشی خنکا 

قەڵادزێ 

هاوڵاتییەکی بە ڕەگەز بەنگلادیشی کەوتە ناو ئاوی گۆڕە شێری گوندی شێنێ لە دەڤەری پشدەر و بەھۆیەوە خنکا و بەپێی وتەی پۆلیس، تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە و گەڕان بە دوایدا بەردەوامە.

ئەمڕۆ، لە ئاوی گۆڕە شێری گوندی شێنێ لە دەڤەری پشدەر، هاوڵاتییەکی بە ڕەگەز بەنگلادیشی، کە ویستوویەتی بە پەڕینەوەی لە ڕووبارێک لە ئێرانەوە بێتە خاکی هەرێمی کوردستانەوە، دەکەوێتە ناو ئاوەکە و بەھۆیەوە گیان لەدەست دەدات و لە ئێستاشدا گەڕان بەدوای تەرمەکەیدا بەردەوامە.

لەمبارەیەوە ڕابەر حەسەن وتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، هاوڵاتییەکە بە ڕەگەز بەنگلادیشییە و ویستوویەتی لە وڵاتی ئێرانەوە بێتە هەرێمی کوررستانەوە، لە سنووری نێوان عیراق – ئێران لە نزیک گوندی شێنێی سەر بە شارەدێی هەڵشۆ، لە کاتی پەڕینەوەی لە ڕووبارێکی گوندەکە کەوتووەتە ناو ئاوەکە و بەو هۆیەوە خنکاوە.

وتەبێژی پۆلیسی وتیشی: دوای ئاگادارکردنەوەیان دەستبەجێ هێزەکانی پۆلیسی فریاکەوتنی قەڵادزێ گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە، تا ئێستاش گەڕان بەدوای تەرمەکەیدا بەردەوامە.

بە گوێرەی سەرچاوەیەک کە دەست ڕۆژنیوز کەوتووە، ژمارەی ئەو کەسانەی کە ویستویانە لە وڵاتی ئێرانەوە بێنە ناو خاکی هەرێمی کوردستانەوە حەوت کەسی بیانی بوون و شەش کەسیان پەڕیوەتەوە و دانەیەکیان کەوتووەتە ناو ئاوەکە و گیانی لەدەست داوە.

جێگەی ئاماژەیە، تەنھا لە ماوەی ئەم ھەفتەیەدا ئەمە دووەم حاڵەتی خنکانە لەھەمان شوێن ڕوودەدات.

ب.گ

Comments are closed.