ژنە دەستڕەنگینێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرهەمەکانی لە سلێمانی نمایش دەکات

سلێمانی

هاوشانی لێهاتوویان لە بوارەکانی دیکە، ژنانی هەر چوار پارچەی کوردستان، بە دەستڕەنگینی و بەهرەمەندی دەناسرێنەوە، یەکێک لەوانەش ناهیدە عەلیزادەی لێهاتووە، ئەم ژنە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە ڕووی لە سلێمانی کردووە، لە لایەک بۆ ناساندنی بەرهەمەکانی لە لایەکی دیکەشەوە بۆ پەیداکردنی بژێوی خۆی و ژنانی دیکەش.

ناهیدە عەلیزادە
ناهیدە عەلیزادە

ژنە هونەرمەند و دەستڕەنگین ناهیدە عەلیزادە، لە شاری سنەی ڕۆژ‌هەڵاتی کوردستانەوە بە چەندین کاری دەستی خۆی و ژنانی دیکەوە ڕووی لە شاری سلێمانی لە باشووری کوردستان کردووە و بەرهەمەکانی لە مۆزەخانەی نیشتیمانی ئەمنەسوورەکە نمایش دەکات.

ئامانجی ئەم ژنە دەستڕەنگینە ئەوەیە بەرهەم و توانای ژنان پیشانی کۆمەڵگە بدات و هەروەها بژێوی بۆ خۆی و ژنانی دیکەش دەستەبەر دەکات.

ناهیدە عەلیزادە، ماوەی ٢٥ ساڵە خەریکی کاری دەستییە و بەردەوام لە فێستیڤاڵ و شوێنە گشتییەکاندا بەرهەمەکانی خۆی و ژنانی دیکەش نمایش دەکات، وەک خۆی دەڵێت: زۆر گرنگە بتوانم بازاڕ بۆ کارە دەستییەکانی ژنان پەیدا بکەم، چونکە بەشێکیان نەخۆشیان هەیە لە ماڵەوە، تەنیا چاویان لەو کارانەیە کە بە ڕەنجی خۆیان ئەنجامی دەدەن.

هەروەها، کارە دەستییەکانی ئەم ژنانە، پێکدێن لە چەندین کەرەستەی ژنان و جوانکاری ناو ماڵ کە بەشێوەیەکی فۆلکلۆر و ڕەنگاوڕەنگ ڕازاونەتەوە.

ئەم ژنە دەستڕەنگینە باسی لە یەکێک لە کارە دەستییەکانی کرد و وتی: یەکێکیان دروستکردنی گۆزەیە لە گڵ، پاشان بە سووف و مورو، دەیڕازێنینەوە و جوانکاری بۆ دەکەین، ماندوبوونێکی زۆری پێوە دەکێشین، کارە شووشەییەکانیش زیاتر بە موروی شووشە و لكێنەری تایبەت بە شێوەیەکی جوان دەڕازێندرێتەوە.

ناهیدە عەلیزادە، بۆ ماوەی هەفتەیەک لە شاری سلێمانی دەبێت و بەرهەمەکانی لە مۆزەخانەوەی نیشتیمانی ئەمنەسوورەکە نمایش دەکات و سووپاسی دانیشتوانی سلێمانی دەکات کە لە نزیکەوە کارەکانی دەبینن و ئاشنای دەستڕەنگینییەکەی دەبن.

ب. جـ

Comments are closed.