حكومەتی عێراق لیژنەی لێكۆڵینەوە لە هێرشەكەی سەر كۆرمۆر پێكدەهێنێت

ناوەندی هەواڵەکان

شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی رایدەگەیەنێت، حكومەتی ناوەند بڕیاریداوە بە پێكهێنانی لیژنەی لێكۆڵینەوە لە هێرشەكەی سەر كێڵگەی كۆرمۆر، دەشڵێن: ئەنجامدەرانی سزای دادپەروەرانەی خۆیان وەردەگرن.

ئێوارەى دوێنێ  جارێکی دیکە بە درۆن هێرش کرایەوە سەر کیڵگەى غازی کۆرمۆر لە سنووری شارۆچکەی چەمچەماڵ و بەهۆیەوە چوار کارمەندی کێڵگەکە گیانیان لەدەستدا و زیانى مادییش بەر کێڵگەکە کەوت.

لەوبارەیەوە شانەى ڕاگەیاندنی عێراق بڵاوی کردەوە، لەسەر بڕیاری فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی هونەری پێكهێناوە بۆ بەدواداچوونی ئەو هێرشە تێكدەرانەیەی لەڕێی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە كێڵگەی غازی كۆرمۆر-ی لە شارۆچکەی قادر كەرەمی سەر بە پارێزگای سلێمانی كردووەتە ئامانج.

شانەی راگەیاندنی ئەمنی سەرەڕاى ئیدانەكردنی هێرشەكە، كە كراوەتەسەر سامانی ئابوریی عێراق، جەختیکردووەتەوە ئەنجامدەرانی ئەم هێرشە هەر کەس و لایەنێک بن سزای دادپەروەرانەی خۆیان وەردەگرن و بێسزا تێناپەڕێت.

شەوی ڕابردوو ڕەمك رەمەزان، قائیمقامی چەمچەماڵ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، چوار كەس لە هێرشەكەی سەر كێڵگەی كۆرمۆر گیانیان لەدەستداوە و دوو كەسیش برینداربوون كە سەرجەمیان بیانین.

هـ.ح

Comments are closed.