بەڵگەفیلمێک لەبارەی ژیانی مین هەڵگرەوەکانەوە لە سلێمانی نمایش کرا

سلێمانی

دەزگایی میدیایی شارپرێس بەڵگەفیلمێکی نمایش کرد، بە ناونیشانی “یەکەم هەڵە دواهەمینە” بە ئامادەبوونی بەشێک لەو قوربانییانەی بە هۆی پاککردنەوەی کێڵگە مینڕێژکراوەکانەوە ئەندامێک یان بەشێکی جەستەیان لە دەستداوە.

ئێوارەی ئەمڕۆ لە سیتی سینەما لە شاری سلێمانی، بە ئامادەبوونی بەشێکی بەرچاو لە کارمەندانی هەڵگرتنەوەی مین و ئەو کەسانەی لە ڕێکخراوە جیاوازەکانی مین کاریان کردووە و مین پێیاندا تەقیوەتەوە و کەمئەندام بوون، دەزگایی میدیایی شارپرێس بەڵگەفیلمێکی نمایش کرد، بە ناونیشانی “یەکەم هەڵە دواهەمینە”.

بەڵگە فیلمی ‘یەکەمین هەڵە دواهەمینە’ لە دەرهێنانی نامۆ سەربەستە، تێیدا بە دواداچوونێکی ورد بۆ پیشەی مین هەڵگرەوەکان و مەترسی پیشەکەیان دەکات، بە شێوەیەکی مەیدانی، کە بە کەرەستەی زۆر سادە و ئۆتۆمبێلی ئاسایی، بێ هیچ تیمێکی فریاگوزاریی، ڕۆژانە پێش ئەوەی ڕۆژ هەڵبێت، ماڵەکانیان بەرەو چیا و دۆڵ و سنوورەکانی هەرێمی کوردستان بە جێ دەهێڵن.

مین هەڵگرەوەکان لە بەڵگە فیلمەکەدا ئاماژە بە کێشەکانیان دەکەن، کە ئەوان بۆ ڕێکخراوێک ئەو کارە دەکەن بە کرێی مانگانە، لە کاتی تووشبوونیان بە هەر ڕووداوێک کە بە هۆیەوە دەبنە خاوەن پێداویستی تایبەت یان گیان لە دەست دەدەن، حکوومەت ئامادە نییە بە کەم ئەندامی سەنگەر، یان شەهید تۆماریان بکات، هاوکات هیچ خانەنشینییەک نایانگرێتەوە، ئەگەرچی بەڕێوەبەرایەتی تایبەتی حکوومەت هەیە بۆ پاککردنەوەی هەرێمی کوردستان لە مین، بەڵام هیچ هاوکارییەکی بەڕێوەبەرایەتییەکە ناکرێت، بۆ ئەوەی بتوانن، هاوکاری مین هەڵگرەوەکان بکەن.

هەروەها ئاماژە بەوە دەکەن، چەندین جار بە فەرمی لە ڕێگەی پەرلەمان و ئەنجوومەنی وەزیرانەوە داوایان کردووە، بە شێوەی فەرمی لە کارمەندانی مین هەڵگرەوە دابمەزرێن، بۆ ئەوەی دەرماڵە و خانەنشینی و شەهیدانە بیانگرێتەوە، بەڵام بە بیانووی قەیرانی داراییەوە، بەردەوام پشتگوێ دەخرێن و لە پەراوێزخراوەکانن، ئەمە لە کاتێکدایە زۆرینەی پڕۆژەکانی گەشتیاریی و بازرگانیی لە ناو شار و لە دەرەوەی شار، دەبێت هانا بۆ تیم و ڕێکخراوەکانی مین ببەن بۆ ئەوەی دڵنیا ببنەوە لەوەی کە مینی لێ نییە.

لە کۆتایی بەڵگە فیلمەکەدا، داوایان کرد حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق، لە ڕێگەی ئەو بەڵگەفیلمەوە، ئاوڕێک لە ژیانیان بداتەوە، بە فەرمی دامەزراندنی حکوومییان بۆ بکرێت.

ب.گ

Comments are closed.