هاوڵاتییانی پێنجوێن: کابینەی نۆیەم هی حزب و بنەماڵەیە نەك خزمەتكردنی هاوڵاتییان

پینجوێن

هاوڵاتییانی پێنجوێن بە نیگەرانییەوە باس لە كەمی خزمەتگوزارییەکان دەكەن لەناوچەكەیاندا و دەڵێن: ئەم كابینەیە تەنها كابینەی بنەماڵە و حزب بەخێوكردنە نەک هاوڵاتییان، دەسەڵاتداران پێنجوێن و خەڵکەکەی ناوێت بەڵکو تەنها داهاتەکەی دەوێت.

پێنجوێن یەكێكە لە شارۆچكەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی، ناوچەیەكی گرنگی ئاڵوگۆڕی بازرگانییە لە نێوان ئێران و هەرێمی كوردستان، بەهۆی بوونی هەردوو دەروازەی سنووری باشماخ و سەیرانبەن لەناوچەكەدا، لەمەشەوە جموجۆڵی دارایی لە سنوورەکەدا لە ئاستێکی باڵادا دەبینرێت، بەبێ‌ ئەوەی ئەو داهاتە بخرێتە خزمەتی خەڵكی ناوچەكەوە، ئەمەش نیگەرانی لای هاوڵاتییانی پێنجوێن دروستکردووە و لەو بارەیەوە بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.

عومەر مەحمود
عومەر مەحمود

عومەر مەحمود وتی: ئەم كابینەیە حكومەت هیچ بەڵێنێكیان نەبردووەتە سەر بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەی خزمەتگوزاریی لە سنوورەكەماندا، تەنها كات كوشتنمان لەگەڵ بەسەر دەبەن، تەنها دڵخۆشیەك كە هەمانبوو كارەباكەیە ئێستا ئەویش هیچ سوودێكی نەماوە و لێمان دەکوژێننەوە.

وتیشی: بۆ زیاتر لە نۆ ساڵە هیچ پرۆژەیەكی خزمەتگوزاریی لە سنوورەكەماندا نەكراوە، تەنها پەیمانگایەكمان هەبوو ئەویشیان لابرد، ئەو داهاتە زۆرەی لە سنوورەكەدا هەیە ڕۆژانە، بچوكترین خزمەتی بۆ ناوچەكە پێنەكراوە.

ئەو ڕێگا وێرانەی ڕۆژانە مەرگی ئازیزەكانمانی تێدا دەبینین

محەمەد عومەر
محەمەد عومەر

هەروەها محەمەد عومەر وتی: خزمەتگوزاریی لە ناوچەكەماندا زۆر لاوازە و نییە، داوای خزمەتگوزاری و چاكردنی ڕێگاوبانەكانمان دەكەین، ئەو ڕێگا وێرانەی ڕۆژانە مەرگی ئازیزەكانمانی تێدا دەبینین، لە كاتێكدا داهاتێكی خەیاڵی زۆر ڕۆژانە تێیدا كۆدەكرێتەوە، دەیكەن بە قوڕگی خۆیاندا.

ئاماژەی بەوەشدا، گەر تەنها لە ١٪ـی بۆ سنوورەكە تەرخانبكەن كێشەوگرفت لە ناوچەكەدا نامێنێ، عەیبەیە بۆ خۆیان پێیان دەڵێین بەخۆیاندا بچنەوە.

عەبدولڕەحمان خالید
عەبدولڕەحمان خالید

لەهەمان کاتدا عەبدولڕەحمان خالید وتی: پێنجوێن كێشەوگرفت و كەموكورتی زۆری هەیە، دەسەڵات بە تەواوی ناوچەكەی پشتگوێخستووە نە پێنجوێن و نە هاوڵاتییەكانیشی دەوێت، تەنها داهاتی هەر دوو مەرزەكەی دەوێت و بێمنەتە لە خەڵكی ناوچەكە.

ئەو هاوڵاتییە وتیشی: هیچ متمانەیەكمان بە قسەكانی دەسەڵات نەماوە، پێنجوێن لە بێ‌ خزمەتگوزارییدا وەك ئاوای ڕەقیبی لێهاتووە، ئەم كابینەیە نەك هەر هیچی بۆ سنوورەكە نەكردووە، بەڵكو بووە بە ئەرك و كۆڵێكی قورس بەسەر شانی هاوڵاتییانەوە، كابینەی خۆبەخێوكردن و حزب و بنەماڵە بەخێوكردنە كابینەی خەڵك نییە.

ب.ج

Comments are closed.