“گەلی شنگال گەیشتوونەتە ئەو باوەڕییەی بگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان”

شنگال

داود جندی ڕایگەیاند، پیلانی حکومەتی عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گەڕاندنەوەی کۆچبەران جێبەجێنەکراوە، بەڵام بڕیاردراوە تا مانگی تەمووز هەموو کەمپەکان دابخرێت و دەڵێت: گەلەکەمان گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی کە دەبێ بگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان.

داود جندی، بەرپرسی مەڵبەندی یەنەکە لە شنگال و ئەندامی کۆردیناسیۆنی هێز و پێکهاتەکانی شنگال، سەبارەت بە کارەکانی کۆردیناسیۆن، ئاستەنگەکانی بەردەم دیارییکردنی پارێزگار، پۆستە ئیدارییەکانی دیکەی شنگال و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ دەدوێت.

جندی لە سەرەتای قسەکانییدا باسی لە کارەکانی کۆردیناسیۆن کرد و وتی: لەو کاتەوەی کۆردیناسیۆن دامەزراوە تا ئێستا، هەوڵدەدەین مافی خەڵکی شنگال لە هەموو پیلانە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان دەپارێزین و دەمانەوێت بە یەک دەنگ بەرگریی لە گەل بکەین، لەو کۆبوونەوانەی کە دەیکەین، داواکاری سەرەکیمان ئەوەیە کە شنگال لە ململانێی سیاسیی، سەربازیی و کۆمەڵایەتیی دوور بخەینەوە.

هەروەها وتیشی: کۆمەڵگەکەمان بەهۆی ئەو جینۆسایدەوە توشی سەختییەکی زۆری دەروونی بووە، کاتێکی دەوێت تا ئەو سەختییانە تێپەڕێنێت و لەسەر پێی خۆی بوەستێتەوە، بۆیە وەک کۆردیناسۆن ئەرکە مرۆیی، نەتەوەیی و نیشتمانییەکانیشمان بەرامبەر کۆمەڵگەکەمان جێبەجێ دەکەین، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ڕووبەڕووی جینۆساید و ماڵوێرانی نەبنەوە.

ئەو بەرپرسەی مەڵبەندی یەنەکە لە شنگال سەبارەت بە دیاریکردنی پۆست بۆ شنگال وتی: بەپێی یاساکانی عێراق لە هەر شوێنێک کەلێنی یاسایی هەبێت، پێویستە بابەتە ئیدارییەکانی ئەو شوێنە چارەسەر بکرێت، بۆ شنگالیش ماوەیەکە کار لەسەر دیاریردنی ئیدارەیەکی نوێ دەکرێت و هەڵی چارەسەرکردنی دەدرێت، بۆ دیاریی کردنی پارێزگار تا ١٥ـی ئایار کات دانراوە، بەڵام لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، ناکۆکی لە نێوان لایەنەکاندا هەیە لەسەر پارێزگار و ئەوەش ڕێگریی دەکات، بۆ ئەوەی ئەم ئاستەنگییانە تێپەڕێنرێت پێویستە یاسا جێبەجێبکرێت.

داود جندی لە کۆتای قسەکانییشیدا ڕایگەیاند، تا ئێستا هیچ بڕیارێک بۆ گەڕانەوەی کۆچبەران لە عێراق جێبەجێنەکراوە، لە ساڵی ٢٠٢١ـەوە بڕیاری چۆڵکردنی کامپەکانی کۆچبەران دراوە، بەڵام بڕیارەکەیان جێبەجێ نەکرا، ئێستاش بڕیار دراوە تا مانگی تەمووز سەرجەم کامپەکان چۆڵ بکرێن، پێویستە ئەمەش لە ژێر چاودێری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەراندا ئەنجام بدرێت، ئەگەر کەمیش بێت یارمەتی خەڵک دەدرێت و هەوڵ دەدرێت خەڵک بگەڕێندرێتەوە، ئەم بابەتە لە کارنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و حکومەتی ناوەندی عێراقدایە، بەڵام ئیتر گەلەکەمان خۆیان گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی کە پێویستە بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.

ب. ق

Comments are closed.