دادگای فیدراڵی دوو سكاڵای تایبەتى لەسەر هەرێمی كوردستان ڕەتكردەوە

ناوەندی هەواڵەكان

دادگای فیدراڵی عێراق سكاڵای داخستنی كامپەكان و نوێنەرایەتییەكانی وەزارەتی پەروەردەی عێراقی لە هەرێم، هەروەها سكاڵای ناردنی پارەى بە قەرز بۆ هەرێمی كوردستان ڕەتكردەوە، بەهۆكاری ئەوەی ئەو سكاڵایانە لە بەرژەوەندی گشتیدا نییە.

بە پێی خشتەی دانیشتنەكانی دادگای فیدراڵی ئەمڕۆ دادگاكە لەسەر چەند سكاڵا كۆبوەوە، كە دوو سكاڵایان تایبەت بوون بە هەرێمی كوردستان، لە دانیشتنەكەی دادگادا بڕیاری لەسەر ئەو دوو سكاڵایە دا.

دادگای فیدراڵی بڵاوی كردەوە، دادگاكەیان لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا داخستنی كامپەكان و نوێنەرایەتییەكانی وەزارەتی پەروەردەی عێراقی لە هەرێم، هەروەها سكاڵای ناردنی پارەى بە قەرز بۆ مووچەی ساڵی ڕابردووى فەرمانبەرانى هەرێمى ڕەتکردەوە.

سكاڵایەكیان لەلایەن مستەفا سەنەد، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر محەمەد شیاع سوودانی تۆماركراوە و تایبەتە بە ناردنی سێ گوژمەی قەرز لەلایەن حكومەتی عێراقەوە بۆ هەرێمی كوردستان.

لە سكاڵاكەیدا ئەو پەرلەمانتارە داوای كرد، دادگای فیدراڵی بڕیار بدات بە نایاساییبوونی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران لە ساڵی ٢٠٢٣ بۆ ناردنی بڕی دوو تریلیۆن و ١٠٠ ملیار دینار، كە بە سێ گوژمەی ٧٠٠ ملیار دیناری بۆ هەرێمی كوردستان نێردراوە.

سكاڵای دووەمی تایبەتە بە پرسی داخستنی كامپی ئاوارەكان و نوێنەرایەتییەكانی وەزارەتی پەروەردەی عێراق لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، سكاڵاكە لەلایەن كەسێكەوە بەناوی ڕافد ناسر عەبدول كەریم لە دژی سەرۆكوەزیرانی عێراق و وەزیری پەروەردە تۆماركرا بوو.

سكاڵاكار داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەكات، بۆ داخستنی كامپی ئاوارەكان كە بڕیارە تا ١ـی تەمووزی ٢٠٢٤ سەرجەم كامپەكان دابخرێن، لەگەڵ بڕیاری وەزارەتی پەروەردەی عێراق بۆ داخستنی نوێنەرایەتییەكانی لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان.

هـ.ئ

Comments are closed.