“ئەو ئاگربارانەى هەولێرتان لەبیر نەچێت”

شێرزاد شێخانی

بازاری قەیسەری تاکە شوێنە لەو هەولێرە، کە زۆربەی خەڵکی ڕەسەنی شارەکە کاسبی تێدا بکەن، ئەوە ئەوێشیان سوتاند و چووە تەنیشت ئەو هەموو گەڕەکە ڕەسەنانەی شارەکەمان، کە پێشتر چۆڵکران و رووخان، ئەو ئاگربارانەش بەشێکە لە شەڕی دەسەڵاتی پارتی دژ بە ڕەسەنایەتی هەولێر.

تەماشای نەخشەى ئاگرەکان بکەن، لە بازاڕی لەنگەوە، لۆ بازاڕێ شێخەڵڵا، لەوێشەوە لۆ بازاڕی قەیسەری، بێگومان نۆرەی بازاڕی کورانیش دێ، درووشمی ئەو دەسەڵاتەی پارتی ئەوەیە ( پێتان دەوەستم راناوەستم) ئەگەر نا لۆ پاراستن و ئاسایش و وەزارەتی ناوخۆی پارتی ناوی مام و خاڵەکانی من دەزانن و ڕۆژى لە دایکبوون و گەڕەکی لەدایکبوونی من و براکانم دەزانن، بەڵام نازانن کێ لەپشت ئەو تاوانانەی ئاگرتێبەردانی هەولێرە ؟.

لەناو ئەو شارەدا هەزاران کامێرای چاودێری لەسەر کۆڵانەکان داندرایە، لۆ ناتوانن لەو کامێرانەوە تاوانباران بدۆزیتەوە ؟. ئەگەر دەستەکی دەرەکی لەپشت ئەو تاوانانەش هەبی، ئەدی کار و ئەرکی ئەو ٢٠٠ هەزار ئاسایش و پۆلیس و پاراستنی حزب چییە، کە ناتوانن ناوی ئەو تاوانبارانە ئاشکرا بکەن ؟.

لۆ ئاگر بە شۆرتی کارەبا تەنها لە بازارە شەعبییەکان دەکەوێتەوە و لە باخى بەرپرسێک یان باڕێکى ئەو شارە، ناکەوێتەوە؟، سوتاندنی هەولێر دەیان پرسیار دەهێنێتە گۆڕێ، کە دەبێ دەسەڵاتی شارەکە وەڵامی هەبێ، چونکە ناکرێت دەسەڵات بەم هەموو زەبر و زەنگ و کۆنتڕۆڵکردنی هەناسەی شارەکەمان بێ ئاگا بێت لەو تاوانە گەورانە.

ئەو دەسەڵاتەی هەولێر، کە جەماوەری شارەکەی لەدەستچووە، هیچ دوور نییە هەموو هەولێر بسووتێنێ و بەسەر خەڵکە رەسەنەکەیدا بیرووخێنێ، لۆیە دەبێ هەولێرییەکان قەت قەت ئەو تاوانانەی دەسەڵاتی پارتی لەبیر نەکەن، رووخاندنی گەڕەکەکانیان، سووتاندنی بازاڕەکانیان، فەرامۆشکردنی کەسایەتییەکانیان، لەناوبردنی قییەم و ئەخلاقە جوانەکانی هەولێرییەکان.

هەڵبژاردنی داهاتووو نزیک بووەتەوە، ئەو رۆژە رۆژی ئینتقامی هەولێرییەکانە لەو دەسەڵاتە دیکتاتۆر و خۆسەپێن وخۆفرۆش و گوێرایەڵى دەوڵەتانی بێگانە، باقی وەلسەلام.

ئ.م

ئەم وتارە ڕاوبۆچوونى تایبەتى نووسەر خۆیەتى.

Comments are closed.