لە بودجەی ئەمساڵدا بەهای ١٠٠ دۆلار بە ١٣٠ هەزار دینار جێگیركراوە

ناوەندی هەواڵەكان

ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، نرخی بەرمیلێك نەوتی خاو لە بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی ٢٠٢٤دا بە ٧٠ دۆلار خەمڵێندراوە و بەهای ١٠٠ دۆلار بە ١٣٠ هەزار دینار هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو جێگیركراوەتەوە.

د. نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی لە عێراق لە بارەی ناوەڕۆكی خشتەی بودجەی ساڵی ٢٠٢٤ بۆ میدیا ناوخۆییەكان دەدوێت.

د. نەرمین مەعروف
د. نەرمین مەعروف

د. نەرمین مەعروف ڕایگەیاند، دوێنێ كۆبوونەوەی لیژنەی دارایی پەرلەمان عێراق تایبەت بە هەمواری یاسای بودجەی گشتی بۆ ساڵی ٢٠٢٤ بەڕێوەچوو.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەم بودجەیە تەنها بریتییە لە چەند خشتەیەك كە بڕی داهات و خەرجییە خەمڵێندراوەكانی بۆ ساڵی ٢٠٢٤ تێدا خراوەتەڕوو، پشتبەست بە بڕگەی دووەمی ماددەی ٧٧ی یاسای بودجەی سێ ساڵە كە پارساڵ پەسەندكرا بۆ هەرسێ ساڵەكانی (٢٠٢٣، ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥)، لەبەر ئەوە هیچ دەقێكی نوێی تێدانییە و هیچ دەقێكش هەموارنەكراوەتەوە.

باسی لەوەش كرد، بە هەمان شێوەی ساڵی پار بڕی نەوتی خاوی هەناردەكراو بە سێ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە و بە نرخی ٧٠ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك خەمڵاندنی بۆ كراوە و یەك دۆلار بە هەزار و ٣٠٠ دینار جێگیركراوە.

جێگەی ئاماژەیە، لە ناوەڕاستی هەفتەی ڕابردوو حكومەتی عێراق خشتەی بودجەی ئەمساڵی ڕەوانەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق كرد، دواتر سەرۆكایەتی پەرلەمان خشتەكەی ڕەوانەی لیژنەی دارایی پەرلەمان كرد، ئەوانیش خوێندنەوەی لێكۆڵینەوەی بۆ دەكەن و دواتر دەینێرنە پەرلەمان بۆ ئەوەی دەنگی لە سەر بدرێت.

هـ.ئ

Comments are closed.