باسم عەوادی: دەمانەوێت تا دوای هەڵبژاردنی داهاتوو یۆنامی لە عێراق بمێنێتەوە

ناوەندی هەواڵەكان

وتەبێژی حكومەتی عێراق ڕایگەیاند، نوێنەرایەتی یونامی خزمەتێكی گەورەی پێشكەش بە عێراقییەكان كردوە و پاڵپشتی پڕۆسەی سیاسی بوو دەشڵێت: پێشنیازمان ئەوەیە یونامی تا دوای هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق بمێنێتەوە.

باسم عەوادی وتەبێژی حكومەتی عێراق لە بارەی كۆتایهێنانی ئەركەكانی ڕێكخراوی هاوكاری نەتەوە یەكگرتووەكان (یۆنامی) لە عێراق و وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بۆ ئاژانسی فەرمی عێراق دەدوێت.

باسم عەوادی
باسم عەوادی

باسم عەوادی ڕایگەیاند: عێراق لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا گەشەی كردووە و سەقامگیر بووە، حكومەت كاروباری سیاسی ناوخۆیی و دەرەكی بە تەواوی لە ڕێگەی دامەزراوە فەرمییەكانەوە بەڕێوە دەبات.

دەشڵێت: ئێمە نامانەوێت دەستبەرداری خزمەتگوزاری و پەیوەندییەكان بین لەگەڵ نەتەوە یەكگرتووەكان، هەروەها عێراق داوای پشتیوانی نەتەوە یەكگرتووەكان دەكات، لە بواری مافی مرۆڤ و هەڵبژاردن و دۆسییەكانی پەرەپێدان.

وتەبێژی حکومەتى عێراق ئاماژەی بەوەشكرد، پێشنیازی حكومەتی عێراق ئەوەیە، كە یونامی تا دوای هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق بمێنێتەوە، داوامان كردووە یۆنامی تا ٣١ی كانوونی دووەمی ٢٠٢٥ لە عێراق بمێنێتەوە.

عەوادی باسی لەوەشكرد، هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی داهاتوودا دەبێت، پەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە شەرعیەتی نێودەوڵەتییە، حكومەتەكانی عێراقیش هەمیشە لە هەموو هەڵبژاردنێكدا شەرعیەتی نێودەوڵەتییان سوودمەند بووە.

لە كۆتایشدا باسم عەوادی وتی: ئێمە حەز دەكەین لیژنەیەكی نێودەوڵەتیمان هەبێت، كە هاوكاری كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بكات و چاودێری بكات و بە هاوبەشی كار بكات.

ئەمە لەكاتێكدا، لەماوەی ڕابردوودا حكومەتی عێراق داوای كۆتایهێنانی كارەكانی ڕێكخراوی هاوكاری نەتەوە یەكگرتووەكان (یۆنامی) لە عێراق كرد، ئەمەش مشتومڕی لای شارەزایان و چاودێرانی سیاسی درووست كرد، بەوتەى بەشێك لە چاودێران پێیان وایە، كۆتاییهێنان بە ئەركەكانی یۆنامی لە بەرژەوەندی عێراق نییە.

هـ.ئ

Comments are closed.