سیاسەتمەدرێك هۆشداری لە تێوەگلانى عێراق لە شەڕى حزبوڵا و ئیسرائیل دەدات

ناوەندی هەواڵەكان

سیاسەتمەدارێكی عێراقی  هۆشداری لە مەترسییەكانی هەڵگیرسانی شەڕ لە نێوان لوبنان و ئیسرائیل گەیشتنی شەڕەكە بە عێراق دەدات، لە قۆناغی داهاتوودا، دەشڵێت: ئەو شەڕە كاردانەوەی جددی لەسەر عێراق دەبێت، چونكە تا ئێستا بوونی چەك لە دەرەوەی كۆنترۆڵی حكومەتە.

نزار حەیدەر سیاسەتمەداری عێراقی لە بارەی سەرهەڵدانی شەڕی نێوان حزبوڵای لوبنانی و ئیسرائیل و مەترسییەكانی لە سەر عێراق، بۆ میدیا ناوخۆییەكان دەوێت.

نزار حەیدەر ڕایگەیاند، هەڵگیرسانی شەڕ لە نێوان حزبوڵای لوبنان و ئیسرائیل كاردانەوەی جددی لەسەر عێراق دەبێت، لە دوای بەیروت، بەغدا زۆرترین كاریگەری ئەم شەڕەی لە سەرە، بەهۆی بوونی چەك لە دەرەوەی كۆنتڕۆڵى حكومەتی عێراق.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەگەر ئەم شەڕە هەڵگیرسێت پێویستە عێراق دووربكەوێتەوە، پێویستە حكومەتی عێراق ڕێوشوێنی پێشوەختە بە مەبەستى ڕێگریكردن لە بەرامبەر هەر جموجۆڵێكی گرووپە چەكدارەكان بگرێتەبەر، كە خواست و نیازی چوونە ناو ئەم شەڕەیان هەیە، بۆ ئەوەی ڕێگری لە هەر كاردانەوەیەكی جددی لەسەر دۆخی عێراق بكات.

ڕۆژنامەی “ئەخباری لوبنانی” ڕاپۆرتێكی بڵاوكردبووەوە و تیایدا پشتڕاستی كردەوە، حزبوڵای عێراق و بزووتنەوەی نوجەبا ئامادەیی خۆیان بۆ بەشداریكردن لە شەڕەكە دەربڕیووە، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر هێرشێکى ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان.

جێگەی ئاماژەیە، ماوەی چەند ڕۆژێكە گرژییەكانی نێوان حزبوڵای لوبنان و ئیسرائیل بە شێوەیەكی بەرچاو سەری هەڵداوە، هەردوولا هێزێكی زۆری سەربازیان لە سنووری وڵاتەكانیان بڵاو كردەوە، وڵاتانی ناوچەكەی هۆشداری سەرهەڵدانی شەڕێكی نوێ و گوستنەوەی شەڕ لە غەزە دەدەن.

هـ.ئ

Comments are closed.