پێشمەرگەیەک لە هاوسەنگەری مامەڕیشە و زیندانی بەغداوە بۆ کرێکاری

چەمچەماڵ

 زیرەک قەرەتامۆری پێشمەرگەیەکى ساڵی هەشتاکانە و هاوسەنگەری فەرماندەی شەهید مامە ڕیشە بووە، ئێستا لە جیاتى خزمەتکردن و پاداشتکردنەوەى ڕۆژانە خەریکی کرێکارییە و موچەکەى بەشی بژێوی ژیانی ناکات، خۆی دەڵێت: ئەوکەسەی لە ئەمنی بەغداد منی بەگرتن دا ئێستا پلەی سەربازی لەمن بەرزترە.

بەیانیان زوو لە ماڵەوە دێتە دەرەوە، دەچێت بۆ سەر کارەکەی، کاری ئەویش کرێکارییە و ڕۆژانە بلۆکی ئەو خانووانە پاک دەکات کە دەڕووخێندرێن، ئەو حەمە ڕەشید شەریفە ناسراو بە (زیرەک قەرەتامۆری)یە کە پێشمەرگەی کۆنە و هاوڕێ و هاوسەنگەری فەرماندەی شەهید مامەڕەیشەیە.

زیرەک قەرەتامۆری لە ساڵی ١٩٦٢ لەگوندی قەرەتامۆری سەر بەشاردەێی شۆڕش لەشارۆچکەی چەمچەماڵ لەدایک بووە، خێزاندارە و باوکی پێنج کوڕ و یەک کچە، لە ئێستادا لە شارەدێی شۆڕش نیشتەجێیە.

هەرچەندە ئەو پێشمەرگەیەکى خانەنشینە، بەڵام کەمی مووچەکەی و قورسی بارودۆخی ژیان ناچاری کردوە ڕوو بکاتە کرێکاری تاکو بژێوی ڕۆژانە خێزانەکەی دابین بکات، بەڵام ئێستا ئەو دەبوو مووچەیەکی وای هەبووایە کە لەماڵەوە دابنیشتایە و حزمەت بکرایە.

زیرەک لە سەرەتای ژیانیدا بۆ ماوەی سێ ساڵ دەبێت بە سەربازی عێراقی، پاشان لە ساڵی ١٩٨١ دەگەڕێتەوە و دەبێت بە پێشمەرگە لە کەرتی چواری جەباری لەلای شەهید مامە ڕیشە، قەرەتامۆری پێیوایە، ئەوکات پێشمەرگایەتی بەبێ دەستکەوت دەکرا، بەبێ پارە و پۆشاک و خواردن، خواردنمان لەسەر ئەو خەڵکانە بوون، کە لە لادێکاندا دەژیان ئەو کەسانەی کە لە لادێکان خواردنیان پێدەداین و هاوکاریان دەکردین، ئێستا حکومەت تەنانەت خانەنشینیەکیشیان پێ ڕەوا نابینێت.

نازناوی زیرەکی لەلایەن شەهید مامە ڕیشەوە پێدراوە و دەڵێت بەهۆکاری ئەوەی، من خاوەنی دەنگێکی خۆشی کوردانە بووم مامەڕیشە ڕۆژێک لەنێو پێشمەرگەکاندا وتی لە ئەمڕۆوە حەمەڕەشید نازناوی زیرەکی پێدەدرێت، لەبەرئەوەی لە قەرەتامۆر لە دایک ببووم نازناوی زیرەک قەرەتامۆری پێ بەخشیم.

قەرەتامۆری بەشداری چەندان شەڕی دژی حکومەتی پێشووی عێراقی کردووە لەوانە شەڕی ژاڵەی دەربەند و قەڵاچۆغە و قەرەتامۆر و عەلی زەنگەنە و تەپەلو و بایەن لو و بانی مەقان و چیمەن.

 سەرباری خەباتی پێشمەرگایەتیەکەی ئەندامی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستانیشە، بەڵام وەک خۆی باسی دەکات، چ سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان چ وەزارەتی ڕۆشنبیری هیچ هاوکارییەکیان نەکردووە.

زیرەک سێ جار لە زیندانەکانی حکومەتی بەعسدا زیندانیکراوە لە ئەمنی کەرامە لە سەرەتای ساڵی هەشتاکان زیندانیکراوە، هەروەها لە شارۆچکەی چەمچەماڵ لەگەڵ شەهید عومەر قەرەتامۆری برای دەستگیرکراوە، پاشان لە شاردەێی سەنگاو زیندانیکراوە، لە هەموو دەستگیرکردنەکانیدا پاش ئەشکەنجەیەکی زۆر ئازادکراوە.

قەرەتامۆری لە ئێستادا بە پلەی عەریف خانەنشین کراوە، مووچەی خانەنشینیەکشیان دوو مانگ جارێ پێدەدرێت، هەندێکجار زیاتر دوادەکەوێت، بۆیە بە بێزاریی و دڵتەنگییەوە باس لەوە دەکات لەلایەن حکومەتى خۆماڵی کوردییەوە هیچ ئاوڕێکی لێنەدراوە، لەکاتێکدا خزمەتێکی زۆری بە کوردایەتى و کوردستان کردوە.

ئەو پێشمەرگە دێرینە دەڵێت: چەندین جار هەوڵم داوە پێناسی پێشمەرگایەتیم بۆ بکرێت بە پێناسی پێشمەرگەی دێرین، بەڵام تا ئێستا بۆم نەکراوە، ئەوەی بۆ من کرابێت وە پێشمەرگە و وەک هونەرەکەشم تەنها دەستخۆشی بووە، لە ساڵی ٢٠١١ەوە من بژێویم لەسەر کرێکاری و بەتایبە بلۆک پاککردنە، گەر چاوەڕوانی مووچە بم ئەوا ماڵ و منداڵم لە برسا دەمردن.

زیرەک قەرەتامۆری دەپرسێت، تێناگەم بۆچی حکومەت بەرامبەر من بەوشێوەیەیە، من پێشمەرگەی پێش کارەساتی ئەنفالم بۆچی بە پلەی عەریف خانەنشین بکرێم؟

بەوتەى ئەو پێشمەرگە دێرینە، ئەو کەسەی ئەوی بەگرتن داوە  لە ئەمنی کەرامە ئیستا پلە سەربازییەکەی لە پلەی ئەو بەرزترە و خاوەنی پێناسی پێشمەرگەی دێرینە، دەشڵێت: بەداخەوە ئەوەش دۆخی ژیانی منە، پێم شەرمە بڵێم پێشمەرگەی کۆنم.

لە کۆتاییدا زیرەک قەرەتامۆری داوای لەحکومەتی هەرێم و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان هەیە و دەڵێت: تاکەی من خەریکی ئەم کارە قورسە بم تەمەنم تەواو بەرەو سەرەوە هەڵکشاوە توانای ئەم کارە قورسەم نەماوە، داواکارم یارمەتیم بدەن و دۆخی ژیانم چاک بکەن.

هـ.ح

Comments are closed.