ئەمریکا: ئیسرائیل چارەسەری دیپلۆماسی پێ باشترە لە شەڕكردن لەگەڵ حزبوڵا

ناوەندی هەواڵەكان

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ڕایگەیاند، وەزیری بەرگری ئیسرائیل بە بلیكنی وتوو، وڵاتەکەمان چارەسەری دیپلۆماسی پێ باشترە لە شەڕكردن لەگەڵ حزبوڵا.

ماتیۆ میلەر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە بارەی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی یواف گالانت، وەزیری بەرگری ئیسرائیل و ئەنتۆنی بلینكن وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە.

ماتیۆ میلەر ڕایگەیاند، یواف گالانت بە ئەنتۆنی بلینكن وەزیری دەرەوەی ئەمریكای ڕاگەیاندووە، وڵاتەکەمان چارەسەری دیپلۆماسی لە شەڕكردن لەگەڵ حزبوڵا پێ باشترە، كە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەكرێت.

هاوکات، بەهۆی پەرەسەندنی گرژییەكان لە چەند هەفتەی ڕابردوودا مەترسى درووستبوونى شەڕ لە نێوان ئیسرائیل و حزبوڵای لوبنان هەبوو، چونکە هەردوولا بۆردومانى خاکى یەکرتیان کرد و لە ئەنجامدا هەزاران كەس ناوچەكانی خۆیان چۆڵكرد.

جێگەی ئاماژەیە، حزبوڵای لوبنان و سوپای ئیسرائیل هێزەكانیان بەچەكی قورسەوە لە سەر سنووری وڵاتەكانیانەوە بڵاوە پێكردووە، هەردوولاش هەڕەشەی هێرشكردنە سەر یەكتر دەكەن، وڵاتانی ناوچەكەش هۆشداریی لە پەرەسەندنی شەڕەكان و گواستنەوەی شەڕی غەزە بۆ لوبنان دەدەن.

هـ.ئ

Comments are closed.