وەزیری بەرگری ئیسرائیل هۆشداریی دەداتە لوبنان

ناوەندی هەواڵەكان

پشێوی و ئاڵۆزییەكان لەنێوان ئیسرائیل و حزبوڵای لوبنانی بەردەوامە و تادێت زیاتر پەرە دەسێنێت، وەزیری بەرگری ئیسرائیلیش دەڵێت: ئێمە شەڕمان ناوێت، بەڵام ئامادەین بۆ هەموو سیناریۆكان.

یۆئاف گالانت، وەزیری بەرگری ئیسرائیل لە بارەی فراون بوونی ململانێكانی نێوان سوپای وڵاتەكەی لەگەڵ حزبوڵای لوبنان بۆ میدیاكانی وڵاتەكەی دەدوێت.

یۆئاف گالانت ڕایگەیاند، حزبوڵای لوبنانی چەند جارێك هێرشی كردووەتە سەر خاكەكەمان، بەڵام ئێمە شەڕمان ناوێت، ئەگەر شەڕ ڕووبدات ئامادەین بۆ هەموو سیناریۆكان.

ئاماژەی بەوەشكرد، حزبوڵای لوبنان باش دەزانێت كە ئەگەر شەڕ رووبدات، ئێمە دەتوانین زیانی گەورە لە لوبنان بدەین.

لەم مانگەدا ئاستی ململانییەكانى نێوان ئیسرائیل و حزبوڵاى لوبنان بەرزتربوونەتەوە و بەتایبەتی دوای ئەوەی بەرپرسانى تەلئەبیب ڕایانگەیاند، “نەخشەكانی شەڕی لوبنان ئامادەیە” و حزبوڵاش دەستیكرد بە هەڕەشەكردن و وتیان، “ئەگەر شەڕ ڕووبدات، ئەوا هیچ كەسێك لە ئیسرائیلدا پارێزراو نابێت.

هاوکات، لوید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمریكا لە كۆبوونەوەكەی ئەم هەفتەیەیدا لەگەڵ گالانت، پێی ڕاگەیاندووە، شەڕ لەگەڵ حزبوڵادا بەرەنجامی خراپی دەبێت بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئۆستن داوای چارەسەری دیپلۆماتیشی بۆ ئەو پشێوی و ئاڵۆزیانە كردووە.

هـ.ئ

Comments are closed.