ئەفسەرێکی تورک بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە لە سووریا دەستگیر کرا

ناوەندی هەواڵەکان

ئاژانسی فرانس پرێس ڕایگەیاند ئەفسەرێکی سوپای داگیرکەری تورک بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە لە سنووری سووریا دەستگیرکراوە.

لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا لە میدیاکانی تورکیا چەند هەواڵێک بڵاوکرانەوە کە ئەفسەرێکی بەرپرسی ئۆپەراسیۆنەکانی سووریا ئۆتۆمبێلی فەرمی خۆی بۆ قاچاخچییەتی بە مرۆڤەوە بەکارهێناوە، بۆ ئەوەی لە بازگەکان تێپەڕبێت، هاوکات بەگوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس، بێجگە لەوەش ئەو ئەفسەرە تورکە هەزاران دۆلاری لە بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە دەستکەوتووە.

ئاژانسی فرانس پرێس لە ڕێی سەرچاوەکانییەوە، ئەو هەواڵانەیان پشتڕاست کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە، ئەو ئەفسەرە لە شاری ئەنقەرە بە فەرمانی داواکاری گشتی ناوچەی ئاکجاکاڵی شاری ڕحای باکووری کوردستان، دەستگیرکراوە.

هەروەها سەرچاوەکان ڕایانگەیاندووە، کە وەزارەتی بەرگریی لێکۆڵینەوەی لەسەر ئەو ئەفسەرە دەستپێکردووە و ناچار بووە دەست لەکار بکشێنێتەوە.

ب.گ

Comments are closed.