ژمارەی كوژراوەكانی غەزە بەهۆی هێرشی سەر رەفەحەوە زیاتر بەرز دەبێتەوە

ناوەندی هەواڵەکان

وەزارەتی تەندرووستی غەزە، نوێترین ئاماری قوربانییەكانی بڵاو كردەوە، كە لە دەستپێكی شەڕەوە تا ئێستا ٣٦ هەزار و ٩٠٣ هاوڵاتیی غەزە كوژراون و ٨٠ هەزار ٤١٩ كەسیش برینداربوون.

وەزارەتی تەندرووستی غەزە و وەزارەتی تەندرووستی ئیسرائیل، لە بارەی ژمارەی كوژراو و بریندارەكانی جەنگی نێوانیانەوە، لە دوو ڕاگەیاندراوی جیادا زانیارییان بڵاوكردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەكەی وەزارەتی تەندرووستی غەزەدا هاتووە، بە هۆی بۆردوومانەكانی ئیسرائیلەوە تا ئێستا ٣٥ هەزار و ٩٠٣ هاوڵاتیی لە غەزە كوژراون، هەروەها ژمارەی بریندارەكانیش گەیشتووەتە ٨٠ هەزار و ٤١٩ كەس.

ئاماژە بەوەش كراوە، بە هۆی شەڕ و پێكدادان و بۆردوومانەكانی سوپای ئیسرائیل، لە ماوەی ٢٤ كاتژمێری ڕابردوودا ٤٧  كەس لە غەزە كوژراون و ١٣١ـی دیكەش بریندار بوون.

ئەوەش خراوەتەڕوو، ٢٣١ ڕۆژە هێرش و بۆردوومانەكانی ئیسرائیل بۆ سەر غەزە بەردەوامە، هەروەها ١٠ هەزار نەخۆشی شێرپەنجە هەیە، كە بەبێ چارەسەر ماونەتەوە.

لە لایەكی دیكەشەوە، وەزارەتی تەندرووستیی ئیسرائیلیش بڵاوی كردووەتەوە، ژمارەی كوژراوانی وڵاتەكەیان بەهۆی هێرشەكانی حەماسەوە گەیشتووەتە هەزار و ٤٠٨ كەس، نزیكەی پێنج هەزاری دیكەش بریندار بوون.

لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا دادگای دادی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند، هێرشی سەربازیی رەفەح بە پێشهاتێکی مەترسیدار دەزانن و دەبێت ئیسڕائیل سەرجەم هێرشەکانی لە ناوچەی رەفەح لە باشووری کەرتی غەززە ڕابگرێت و دەروازەی رەفەح بەڕووی گەیشتنی هاوکارییە مرۆییەکان بکاتەوە، بەڵام ئیسڕائیل بە بڕیارەکەی دادگای دادی نێودەوڵەتی ڕەتکردەوە و جەختى لەسەر بەردەوامی هێرشەکانى بۆسەر رەفەح کردەووە تاوەکو بە تەواوی حەماس لەناو دەبەن.

هـ.ح

Comments are closed.