لە گوندەکانى سنوورى کۆیە نەریتەکانی جەژن پارێزراون

کۆیە

پەیوەندیە كۆمەڵایەتییەكان لە گوندەكان تا ئێستا وەك خۆی ماوەتەوە، هەرچەندە ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان و سۆشیال میدیا ئەوانیشی گرتووەتەوە، بەڵام دانیشتووانی گوندەکان، لە جەژنەكان و بۆنە كۆمەڵایەتییەكان سەردانی یەكتر دەكەن و پەیمان و دۆستایەتییەكانیان نوێ دەكەنەوە و وەک خۆیان دەڵێن، نەریتەکانی جەژن پارێزراون.

دانیشتووانی گوندی بۆگد لە سنووری شارەدێی ئاشتی سەر بە شارۆچکەى کۆیە، لە جەژنی قورباندا سەردانی یەكتر دەكەن و داوای گەردن ئازادیی لە یەكتر دەكەن، لەم بارەیەوە چەند هاوڵاتییەکی ئەو گوندە بۆ ئاژانسەکەمان دوان.

بەهادین عەبدوڵا
بەهادین عەبدوڵا

حاجی بەهادین عەبدوڵا، لە حەفتاكانی تەمەنیدایە و دانیشتووی گوندی بۆگدە، باسی جەژنی ئێستا و رابردوو دەكات، ئەو، كە هەمیشە لە گوندەكەیان ژیاوە و جەژنەكانیشى هەر لەوێ بەڕێ كردووە، دەڵێت، پێشتر هەمووان بۆ ڕۆژی جەژن خۆمان ئامادە دەكرد، بەیانی كە نوێژی جەژن دەكرا، لەگەڵ مامۆستای ئاینی هەمووان پێكەوە ماڵ بە ماڵی گوندەكە دەگەڕاین، تەنانەت گەر ماڵێك پەیوەندی لەگەڵ ماڵێكی تر نەبوایە لە جەژندا پێکەوە ئاشت دەبوونەوە.

حاجی بەهادین دەشڵێت، پێشتر ئیش و كاری گوندنشینان زۆر بوو، تەنها جەژنان یان لە بۆنەكانی دیکە یەكترمان دەبینی، هەر بۆیە لە ڕۆژی جەژن ئەو كاتەمان بۆ دەرەخسا كە سەردانی یەكتر بكەین.

ئاماژە بەوەش دەكات، كە ئێستا سەرەڕای پەیدابوونی ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان و سۆشیال میدیا، دانیشتووانی گوندەكان گرنگی بە جەژن دەدەن و پێكەوە سەردانی دراوسێكانیان دەكەن.

ئامینە عارف
ئامینە عارف

هەروەها، ئامینە عارف، کە ژنێكی دانیشتووی گوندەکەیە دەڵێت، ساڵانی ڕابردوو كە جەژن دەهات بەیانیان خواردمان ئامادە دەكرد، جلی كوردی جوانمان لەبەر دەكرد، ئینجا لەگەڵ ژنانی دیکە پێكەوە سەردانی ماڵەكانی گوندەكەمان دەكرد.

دەشڵێت، ئێستاش وەك جاران ئەو نەریتانە هەر ماون، جاران دۆست و خزمەكانمان لە شارەوە دەهاتن، بەشەو دەمانەوە، بەڵام ئێستا هاتوچۆ كردن ئاسان بووە زوو زوو یەكتر دەبینین.

كاكە ڕەش سەعید، ئەویش دانیشتووی گوندی بۆگدە و دەڵێت، هەرچەندە ئێستاش خەڵكی سەردانی یەكتر دەكات، بەڵام

بە بەراورد بە ڕابردوو هەست بە لاوازی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان دەكرێت، بەڵام تا ڕادەیەک هەر ماون و لەسەریان بەردەوامین.

وتیشى، ئێستا خێزانەكان گەورە بوون و خەڵكی زۆر بووە و زیاتر لە ٤٠٠ ماڵی بۆگدی لە شارەكان نیشتەجێن، كە جاران هەموو گوندەكەمان ١٠٠ ماڵێك دەبوو، كەواتە لەگەڵ فراوان بوونی خێزان پەیوەندیە كۆمەڵایەتییەكانیش فراوان دەبن.

كاكە ڕەش سەعید
كاكە ڕەش سەعید

ئاماژەی بەوەشدا، كە ئێستا خۆی و هاوژینەكەی سەردانی ماڵەكانی گوندەكە دەكەن، بەتایبەتی ئەو ماڵانەی نەخۆشیان هەیە یان پێشتر كەسێكیان كۆچی دوای كردووە.

ژیان لە گوندەكان تا ئێستا بۆنی كوردەواری لێ دێت، چونكە خانووە قوڕ و بەردەكەی جاران و سەردانیكردنی دانیشتوانەكانی هێشتنەوەی كلتورو دابونەریتی كۆنی كوردەواری، سیمایەكی جوانی پێوە دیارە، هەرچەندە تەكنەلۆژیا و سۆشیال میدیا و ئامێرە ئەلیكترۆنیەكان، خەریكە كاریگەری لەسەر گوندنشینانیش دابنێت، بەڵام نزیكی دانیشتووانی گوندەكان لە ڕووی خزمایەتی و كەسوكاری یەكتریەوە، پەیوەندیە كۆمەڵایەتیەكانی وەكو خۆی هێشتووەتەوە.

ڕ.ش

Comments are closed.