حەماس ڕازیبوونى خۆی بە پێشنیازەکەى بایدن بۆ ئاگربەست لە غەزە ڕاگەیاند

ناوەندی هەواڵەکان

سەرۆکى مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەى حەماس ڕایدەگەیەنێت، گرفتێکی ئەوتۆیان لەگەڵ داواکارییەکەى جۆو بایدن سەرۆکى ئەمریکا نییە و بۆ پرسی ئاگربەست لە غەزە ئامادەن، دەشڵێت: پێویستە کۆمەڵێگەی نێودەوڵەتی کار لەسەر پێشنیارزەکەى جۆبایدن بکەن.

ئیسماعیل هەنیە، سەرۆکى مەکتەبى سیاسی بزووتنەوەى حەماس لە پەیامێکدا بەبۆنەى جەژنى قوربان هەڵوێستی حەماسی سەبارەت بە پێشنیازەکەى سەرۆکی ئەمریکا بۆ ئاگربەس لە غەزە خستەڕوو.

ئیسماعیل هەنیە وتی: وەڵامی حەماس بۆ دوایین پێشنیازەکەی ئاگربەست لە غەزە هاوتایە لەگەڵ داواکارییەکانى ئەمریکا.

ئاماژەى بەوەکرد، حەماس و گرووپەکانى دیکە لە فەلەستین، ئامادەن ڕێککەوتنێکى گشتگیر بکرێت، کە خۆى ببینێتەوە لە ئاگربەست و کشانەوە لە غەزە و دووبارە بنیاتنانەوەى شارەکە و ئاڵوگۆڕى بارمتەکانیش لە خۆ بگرێت.

هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، ئەوان پێشتریش ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ ئاگربەست و پێویستە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتیش کار لەسەر پێشنیازەکەى سەرۆکی ئەمریکا بکەن، بۆ ئەوەی دووبارە ژیان لە غەزە بگەڕێتەوە.

مانگی ڕابردوو جۆو بایدن، سەرۆکى ئەمریکا پێشنیازى ئاشتى سەرتاسەری و هەمیشەیی کرد بە سێ قۆناغ، ئەوانیش ئاگر بەستى هەمیشەیی، ئاڵوگۆڕى بارمتەکان، ئەوانەى لەلاى بزووتنەوەى حەماسە و ئەوانەشى کە لەلاى سوپاى ئیسرائیلە.

لەپاڵ ئەمریکا، هەریەکە لە میسر و قەتەر لە نێوان حەماس و ئیسرائیلدا نێوەندگیری دەکەن و بەردەوامن لە هەوڵەکان تاوەکو ئاگربەست لە غەزە رابگەیەندرێت، کە پیشتر ئیسرائیل داواکارییەکەى ئەمریکاى ڕەتکردبووەوە.

هـ.ح

Comments are closed.