ژمارەی قوربانییەكانی غەزە نزیك دەبێتەوە لە ١٢٤ هەزار كەس

ناوەندی هەواڵەكان

وەزارەتی تەندرووستی غەزە، نوێترین ئاماری قوربانییەكانی بڵاو كردەوە، كە لە دەستپێكی شەڕەوە تا ئێستا ٣٧ هەزار و ٦٥٨ هاوڵاتیی غەزە كوژراون و ٨٦ هەزار ٢٣٧ كەسیش برینداربوون.

وەزارەتی تەندرووستی غەزە و وەزارەتی تەندرووستی ئیسرائیل، لە بارەی ژمارەی كوژراو و بریندارەكانی جەنگی نێوانیانەوە، لە دوو ڕاگەیاندراوی جیادا زانیارییان بڵاوكردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەكەی وەزارەتی تەندرووستی غەزەدا هاتووە، بە هۆی بۆردوومانەكانی ئیسرائیلەوە تا ئێستا ٣٧ هەزار و ٦٥٨ هاوڵاتیی لە غەزە كوژراون، هەروەها ژمارەی بریندارەكانیش گەیشتووەتە ٨٦ هەزار و ٢٣٧ كەس.

ئاماژە بەوەش كراوە، بە هۆی شەڕ و پێكدادان و بۆردوومانەكانی سوپای ئیسرائیل، لە ماوەی ٢٤ كاتژمێری ڕابردوودا ٣٢ كەس لە غەزە كوژراون و ١٣٩ی دیكەش بریندار بوون.

ئەوەش خراوەتەڕوو، ٢٦٣ ڕۆژە هێرش و بۆردوومانەكانی ئیسرائیل بۆ سەر غەزە بەردەوامە، هەروەها ١٠ هەزار نەخۆشی شێرپەنجە هەیە، كە بەبێ چارەسەر ماونەتەوە.

لە لایەكی دیكەشەوە، وەزارەتی تەندرووستیی ئیسرائیلیش بڵاوی كردووەتەوە، ژمارەی كوژراوانی وڵاتەكەیان بەهۆی هێرشەكانی حەماسەوە گەیشتووەتە هەزار و ٤٠٤ كەس، نزیكەی پێنج هەزاری دیكەش بریندار بوون.

لە بەرەبەیانی ٧ـی مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی ڕابردووەوە چەكدارانی حەماس لە ڕێگەی هەزاران مووشەكەوە هێرشیان كردە سەر ئیسرائیل، كە لە ئەنجامدا بە هەزاران كەس بوونە قوربانیی و ئاوارە بوون، تا ئێستاش شەڕ و پێكدادانی نێوان چەكدارانی حەماس و سوپای ئیسرائیل بەردەوامە.

هـ.ئ

Comments are closed.