شەڕڤانان چوونە ناو سێ گوندەوەو شەڕێکی سەخت بەڕێوەدەچێت

پێنجشەممە, 20 أبر 2017 – 11:09 

ڕۆژنیوز – ڕەقە

شەڕڤانانی ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی تووڕەیی فورات دەستیان کردووە بە ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی سێ گوندی مەزرای حکومی، کەبیشی ڕۆژئاوا و ڕۆیال، لە چوارچێوەی ئەم ئۆپەراسیۆنەدا شەڕڤانان چوونەتە ناو هەر سێ گوندەکەوەو لە ئێستادا شەڕ بەسەختی بەردەوامە.

پێشڕەوییەکانی شەڕڤانان لە چوارچێوەی چوارەمین قۆناغی ئۆپەراسیۆنی تووڕەیی فوەراتدا بەردەوامە، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەڕڤانان بەهەموو هێزەوە ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی سێ گوندی دەوروبەری ڕەقەیان دەستپێکرد.

بەگوێرەی هەواڵەکان لە بەرەکانی شەڕەوە، شەڕڤانان لەکاتی پێشڕەوی بۆ ناو گوندی مەزرای حکومیدا ڕووبەڕووی هێرشێکی خۆژکوژی چەتەکان بوونەوە، شەڕڤانان وەڵامی ئەو هێرشەیان دایەوەو پاشان شەڕێکی قورس ڕوویدا، لە شەڕەکەدا ڕێگانەدرا بەو چەتەیەی دەیویست لەناو شەڕڤاناندا خۆی بتەقێنێتەوە و پێش ئەوەی بە ئامانج بگات لەلایەن شەڕڤانانەوە کوژرا، لەدرێژەی شەڕەکەشدا ژمارەیەکی زۆری چەتە کوژران، بەڵام هێشتا ژمارەی ئەوان نەزانراوە.

ئۆپەراسیۆنی ئەمڕۆی شەڕڤانان لە دوو قۆڵی دیکەشەوە بەردەوامە، لە یەکێک لە قۆڵەکانەوە بەرەو گوندی کەبیشی ڕۆژئاوا پێشڕەی دەکەن و لە قۆڵەکەی دیکەوە بەرەو گوندی ڕۆیال لە پێشڕەویدان، لە هەردوو گوندەکەدا شەڕێکی قورس لەنێوان شەڕڤانان وچەتەکاندا بەڕێووەدەچێت، لەو قۆڵانەشدا چەتەیەکی خۆکوژ کە بەنیاز بوو خۆی لەنێوان شەڕڤاناندا بتەقێنێتەوە کوژرا و بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی تاوەکو ئامادەکردنی ئەم هەواڵە بە دەستمان گەیشتووە حەوت چەتە کوژراون و شەڕەکە بە سەختی لەو گوندانەدا بەردەوامە.

جێگای ئاماژەیە، کە قۆناغی چوارەمی ئۆپەراسیۆنی تووڕەیی فورات بۆ ڕزگارکردنی ڕەقە لە ڕۆژی ١٣ی نیسانەوە دەستیپێکردووەو لە چوارچێووەیدا تاوەکو ئێستا هەشت گوندی دەوروبەری ڕەقە ڕزگارکراون.

س.ح

Leave A Reply