شەڕی تەبقا بەردەوامە و زیاتر لە ٢٠ چەتە کوژران

پێنجشەممە, 20 أبر 2017 – 15:34 

ڕۆژنیوز – ڕەقە

لە شاری تەبقا لە شەوی ڕابردووەوە شەڕێکی قورس لەنێوان شەڕڤانانی هێزەکانی سوریای دیموکراتی و چەتەکانی داعش بەڕێوەدەچێت، شەڕەکە قورس بووەتەوە و زیاتر لە ٢٠ چەتەی داعش کوژراون.

ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی شاری تەبقا و بەنداوی فورات بە هەموو هێزەوە لە ناو گەڕەکەکانی تەبقادا بەردەوامە، سەڕڤانان لە دوو لایەنی رۆژهەڵات و ڕۆژئاوای شارەکەوە لە پێشڕەویدان بەرەو ناوەندی شارەکە.

شەوی ڕابردوو لە گەڕەکی ئەسکەندەرییە کە دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی شاری تەبقاوە هەروەها لە گەڕەکی شێخ سەغیر لە بەرەی رۆژئاوای شارەکە و لە دەوروبەری بەنداوی فورات شەڕێکی قورس لەنێوان شەڕڤانانی هێزەکانی سوریای دیموکراتی و چەتەکانی داعش ڕوویدا.

بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی لە بەرەکانی شەڕەوە لە تەبقاوە بە دەستی ئێمە گەیشتووە پێشڕەوی شەڕڤانان لە هەر سێ قۆڵەکە بەردەوامە و شەڕ و پێکدادانەکان قورس بوونەتەوە، هەروەها ڕاشگەیەندراوە، کە لە شەڕەکانی شەوی ڕابردووەوە بۆ ئێستا لانیکەم ٢٠ چەتەی داعش کوژراون و شەڕڤانان لە گەڕکی ئیسکەندەرییەوە ٥٠٠ مەتری دیکە بەرەو ناوەندی شار پێشڕەیان کردووە.

ئۆپەراسیۆنی ڕگارکردنی شاری تەبقا و بەنداوی فورات لە ڕۆژی ٢١ی ئازارەوە دەستیپێکرد و لە چوارچێوەیدا دەوروبەری شارەکە بەتەواوی لە دەستی چەتەکانی داعش ڕزگارکراوە و شەڕڤانان لە رۆژی ١٥ی نیساندا توانیان لە دوو لایەنی ڕۆژهەڵات و رۆژئاوای شارەکەوە بچنە ناو تەبقاوە.

ک.ک

Leave A Reply