لە شەنگال چی ڕوویدا، ڕاپۆرتەکان چی دەڵێن؟

چوؤرشەممە, 3 أغس 2016 – 16:16 

ڕۆژنیوز – ئاوات هاوار / سەلاح خدر

لە ڕۆژی ٣ی مانگی ئابی ساڵی ٢٠١٤ دا، چەتەکانی داعش هێرشیان کردە سەر خەڵکی ئێزدی و کۆمەڵکوژی ٧٣هەمین یان بەسەر ئێزدیەکان دا هێنا.

پاش داگیرکردنی موسڵ و پاشان تەلەعفەر چەتەکانی داعش، بۆ داگیرکردنی شەنگال دەستیان بەجموجۆڵ کرد، لە شەوی 2 لەسەر 3 ی ئابی 2014 چەتەکان دەستیان بە هێرش کرد بۆسەر شەنگال، خەڵکی ئێزدی بەهیوای بەو هێزە مەزنەی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق کە بەهەزاران پێشمەرگە و چەکی قورس مەزەندە دەکران، چاوەڕێ بوون بەرگریان لێبکرێت و بپارێزرێن.

وەلێ لە چاوتروکاندێکدا هێزەکانی پارتی وەک خۆیان دەڵێن بەفەرمانی سەرووخۆیان کشانەوە و بێ شەڕ شەنگالیان ڕادەستی داعش کرد، ئەوەی بینرا و بیسترا تەنها ئەوە بوو کە چەند گەریلایەکی هێزەکانی پاراستنی گەل هەپەگە و هەندێک لە ئێزدیەکان تا دەربازبوونی خەڵکەکە لە شار و دوورخستنەوەیان لەدەستی داعش، بەرگریان کردوە و شەهیدیان داوە.

شار بەئاسانی و بەهەزاران ژن و منداڵ پیاوای ئێزدیەوە خرایە دەستی داعش، گیراوەکان هەندێکیان کۆمەڵکوژکران و دوای ئازادکردنی شارەکە گۆڕە بەکۆمەڵەکانیان دۆزرانەوە و ئەوانی دیکەیان برانە شارەکانی ژێر چنگی داعش.

بە پێێی مەزندەکان نزیک بە ٧٠٠ هەزار ئێزدی لە ناوچەکانی شەنگال، قەحتانیە و ڕۆژهەڵات و باکوری موسڵ ژیان بەسەردەبەن، ئێزدیەکان لە ناو کوردەکاندا کەمینەیەکی ئایینی بوون و لە مێژووی خۆیاندا ٧٣ جار بە دەستی دراوسێکانیان کۆمەڵکوژ کراون.

پاش ئەوەی چەتەکەنی داعش زیاتر لە ٦٣٠٠ ژن و منداڵی ئێزدیان لە موسڵ، شەنگال و قەحتانیە بەدیلگرت، هەندێک ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان ئەم هێرشەیان بە کۆمەڵکوژی خەڵکی ئێزدی بەناو کرد.

چەتەکان زیاتر لە یەک هەزار و ٢٠٠ پیاوی ئێزدیان کوشتوە و بەپێی ڕاپۆرتەکان لە شارەکانی ژێردەسەڵاتی خۆیان بازاری کڕین و فرۆشتنی ژنانییان دروست کردوە، زیاتر لە یەک هەزار منداڵیان خستۆتە ژێر چاوەدێری فێرکاری بۆ ئۆپەراسیۆنە تیرۆریستیەکانی خۆیان و مێشکیان شتوونەتەوە، هەروەها زۆر منداڵی شیرەخۆرەیان بۆ فرۆشتن ناردوە بۆ ئەوروپا.

نەتەوە یەکگرتوەکان ڕایگەیاندوە کە چەکدارانی داعش کۆمەڵکوژیەکیان لە دژی خەڵکی ئێزدی لە سوریا و عێراق بەڕێوەبردوە، داعش بە کوشتن، کۆیلایەتی جنسی، دەستدرێژی، ئەشکەنجە و سووکایەتی خەڵکی ئێزدی کۆمەڵکوژ کردوە.

چەتەکان پیاوانی ئێزدی لە سەر دووڕێیانی یا مردن یا ئیسلام داناوە و بەم کارە هەوڵیان داوە پێناسەی ئێزدی بسڕێتەوە.

منداڵانی تەمەن ژێر ١٢ ساڵانی لە خێزانەکانیان جودا کردۆتەوە، ئەوانەی کە ئایینیان گۆڕیوە خستوونیەتە ژێر چاوەدێری فێرکاری بۆ ئەنجامدانی چالاکی تیرۆریستی و ئەوانەی دیکەش کە ملیان بە گۆڕینی ئایین نەداوە کوشتویانن.

بە پێی ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتوەکان هەر ئێستا ٣٢٠٠ ژن و منداڵی ئێزدی لە دیلی چەتەکانی داعشدا ژیان بەسەردەبەن، بەڵام سەرچاوی ناوخۆیی ئێزدیەکان باس لە ئامارێکی زۆر لەوە زیاتر دەکەن.

داعش هیچ کام لەو کارەساتانەی وا بە سەر خەڵکی ئێزدی هێناوە بە نهێنی ئەنجام نەداوە، لە ڕوانگەی چەتەکانەوە بەپێی ئایینی ئیسلام ئەوەی کە بەسەر خەڵکی ئێزدیان هێناوە مافی ڕەوای خۆیان بووە، چەتەکان دەڵێن “بە پێی ئایینی ئیسلام ئێزدیەکان شەیتان پەرستن و کوشتنیان ڕەوایە، هەروەها ژنانی ئێزدی وەک غەنیمەتی شەڕ دەناسرێن و بەکاڵاکردنیان ڕەوایە “.

بە پێی ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتوەکان، چەتەکانی داعش لەو شارانەی کە داگیریان کردبوو ناوەندی کڕین و فرۆشتنی دیلەکانیان دامەزراند، لە شارەکانی موسڵ، ڕەققە، فەلوجە و قائیم بۆ فرۆشتنی ژنە ئێزدیەکان بازاریان دروست کرد، ئەو ژنانەی کە زیاتر لە ٢٥٠٠ دۆلار دەفرۆشران بە چەتەکان گرنگیەکی زیاتریان هەبوو، یەک لەو ژنانەی کە ڕزگاری بووە لە ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتوەکاندا دەڵێت ١٥ جار کڕین و فرۆشتنی پێوەکراوە، ژنێکی دیکەی ئێزدی کە لە دەستی داعش ڕزگار بوە دەگێڕێتەوە و دەڵێت:” چەتەیەک لە ڕەققە منی کڕی، لە ئۆتۆمبێلەکەدا بە منی وت، تۆ بۆ من وەکوو مەڕ وای، من تۆم کڕیوە، ئەو ژنە دەڵێت پاش یەک هەفتە منی بە چەتەیەکی دیکەی جەزائیری فرۆشت.

ژنێکی دیکە دەڵێت:” کاتێک چەتەکان ئێمەیان بەدیل گرت پێیانوتین، بارزانی و فەرماندەکانی پێشمەرگە ئێوەیان بە ئێمە فرۆشتوە، ئێستا ئێوە موڵکی ئێمەن، لەبەر ئەوەی ئێوە کافرن بەئێمە حەڵاڵن “.

چەند ژنی دیکە دەگێڕنەوە کە چەتەکان ئەوانیان لە ناو ماڵەکانیاندا زیندانی کردوە و تەنانەت نان و ئاویشیان لێ قەدەغە کردوون، بە پێی قسەکانی ئەم ژنانە زۆر ژنی ئێزدی بۆ ڕزگار بوون لە دەست توند و تیژی چەتەکان خۆیان کوشتوە.

زیاتر لە هەزار منداڵی ئێزدی بۆ چالاکیکردن لە ئۆپەراسیۆنە تیرۆریستیەکانی داعش چونەتە ژێر چاودێری فێرکاری چەتەکانەوە، منداڵانی تەمەن ژێر ١٢ ساڵان لە دایکەکانیان جیاکراونەوەوە و نێردراون بۆ کامپەکان لە سوریا و لەوێ خراونەتە ژێر چاودێری فێرکاری سەربازیەوە، یەک لەو منداڵانەی کە لە دەستی داعش ڕزگار بووە دەڵێت:” فەرماندەکەم پێی وتم ئەگەر باوکی خۆت بینی و هێشتا ئێزدی بوو، دەبێت بیکوژی “.

زیاتر لە ١٠٠ منداڵی تەمەن یەک بۆ دوو ساڵانی ئێزدی لە لایەن مافیاکانی داعش بۆ فڕۆشتنی منداڵان لە ڕێگای تورکیاوە ڕەوانەی ئەوروپا کراون.

گەرچی خەڵکی ئێزدی هێزەکانی پارتی و بەرپرسە ئیدار و سەربازیەکانی ئەو حزبە بەتاوانباری کۆمەڵکوژیەکە دەناسن و داوایان کردوە کە سزا بدرێن، بەڵام لەگەڵ ئەوەی دوو لیژنە بۆ لێپرسینەوە لەو کەسانەن پێکهات، بەڵام ئەنجامی بەدەست نەخست، تەنها سزایان ئەوەبوون کە هەندێکیان بچنە ماڵەوە و دابنیشن.

لەبەرامبەر هەموو ئەو زوڵم و ستەمەی داعش خەڵکی ئێزدی هێزی خۆجێی خۆیان درووست کرد، ئێستا شەنگال خاوەنی یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال و یەکینەکانی ژنانی شەنگالە، خاوەندی ئەنجومەنی ئاوەدانکردنەوەی شەنگال و پارتی ئازادی و دیموکراتی شەنگالە، کەنوێنەرایەتی ڕاستەقینەی هێزی پاراستنی شەنگال دەکەن و سوێندی تۆڵە سەندەوەیان لە چەتەکانی داعش و هەموو هاوکارەکانیان کردوە، پەیمانیان داوە تا شەنگالی ئازاد و دیموکراتی و خۆسەر نەسرەون.

س.خ

Leave A Reply