” کۆمەڵکوژی هەولێر لەلایەن جەمال مۆرتکە و فەرەنسۆ هەریری ئەنجامدراوە “

دووشەممە, 16 ماي 2016 – 12:04 

ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان

کۆمەڵکوژی ١٦ی ئایاری ھەولێر ئەو تاوانەیە کە بەرامبەر بە ئەندامان و لایەنگر و کادێرانی پارتی کرێکارانی کوردستان، لەلایەن ھێزێکی چەکداری سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستانەوە ئەنجامدرا.

ئەو کۆمەڵکوژیە لە کاتژمێر یەکی دوای نیوەرۆی رۆژی ١٦/٥/١٩٩٧ لەسەر بارەگای سەرەکی یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان و بارەگای یەکێتی ژنانی ئازاد و نوسینگەی رۆژنامەی وڵات و نەخۆشخانەی مانگی سوری کوردستان و بارەگای چاند و ھونەری میزۆپۆتامیا ئەنجامدرا، کە بەپێی هەندێک لە بەڵگە و دۆکۆمێنتەکان تیایدا زیاتر لە ٨٣ کەس بێسەروشوێن و کۆمەڵکوژ کران.

(پۆلێک لە قوربانیانی کۆمەڵکوژی هەولێر)

ئەمرۆ 19 ساڵ بەسەر ئەو کۆمەڵکوژیە تێپەردەبێت و تائێستا سەرجەم قوربانیان چارەنوسیان نادیارە و تا ئێستاش پارتی دیموکراتی کوردستان ھیچ کاتێک ئامادەنیە باسی ئەو کۆمڵکوژیەی بکات کە دەرھەق بە ھاونەژادەکانی ئەنجامدراو، لەسەر ئەو کەسانە ھیچ لێدوانێک ھیچ زانیاریەک ناخاتەروو، کەسوکاری قوربانیەکان داوای ئەوە دەکەن ئەگەر تەنھا پارچە ئێسکێکیش دیاربێت، بۆ ئەوان زۆرە و ھەر نەبێ دڵنەواییان دەبێت و ئیدی ئەوەندەش چاوەرێ نابن.

زۆر باس و خواسی تەمومژاوی و چەواشەکاری لەسەر تاوانی کۆمەڵکوژی ھەولێری ساڵی ١٩٩٧ دەخرێنەروو، ڕۆژنیوز زانیاری ورد لەسەر کۆمەڵکوژی ١٦/٥/١٩٩٧ ی ھەولێر لە زاری چەند شایەتحاڵ و ئاگاداری تاوانەکە دەخاتەڕوو.

سەردار ستار نوسەر و ڕۆژنامەنوس کە پێشتر بۆ ماڵپەڕی چەترپرێس لەوبارەیەوە دواوە بە وردی تیشک دەخاتە سەر ئەو تاوانە.

ستار دەڵێت:” دوای ٣١ی ئابی ١٩٩٦ کە پارتی سەدام حسینی دوژمنی کوردی ھێنایە کوردستان و شەری کوردی پێکرد، رەوشی ھەرێمی کوردستان بە جۆرێک گۆرانکاری بەسەرداھات کە لێرە پارتی شەرعیەتە سیاسیەکەی لەدەست دابوو، یەکێتیش لەبەرئەوە نەیتوانیبوو ناوچەی خۆی بپارێزێت لەو ھێزە زۆر و بۆرە بێگانەیەی کە پارتی ھێنابوویەسەری، بۆیە لەو کاتەدا رێکخستنی پەکەکە لە ئاستێکی رێکخستنی باش دابوو، ھیوای خەڵک تەنیا پەکەکە بوو، لەبەرئەوە لە کۆتایی ١٩٩٦ تاوەکو ناوەندەکانی ١٩٩٧ تا ئەو کۆمەڵکوژیەی ھەولێر، ژمارەیەکی ئێجگار زۆری گەنجانی کورد لەباشوری کوردستان روویان لە ریزەکانی گەریلاکانی دەکرد، ئەمە وای کرد کە ترس بچێتە دڵی پارتی یەوە، بۆیە لەوە دەگەرا شتێک بکات رێگری بکات لەھەمبەر ئەو ھێزە جەماوەریەی کە دروست دەبێت، بۆیە لەم چوارچێوەیەدا تورکیا پشتیوانی پارتی کرد لەم تاوانەدا.

ستار ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو کۆمەڵکوژیەی لە ھەولێر روویدا، لەگەڵ ئەو ئۆپەراسیۆنەی ئەوکاتە لە ناوچەی زاپ و بادینان روویدا پەیوەندی بەیەکەوە ھەیە، بەڵام ئەوەی لە داستانی زاپ تورکیا پێشەنگایەتی شەڕی کرد و پارتی پشتیوانی کرد، وە ئەو کۆمەڵکوژیەی ھەولێریش پارتی پێشەنگایەتی کرد و تورکیاش پشتیوانی کرد.

ناوبراو ئاشکرای دەکات کە خودی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی ئەوکاتە بە بەرێوەبەرانی پەکەکەی گوتبوو بەگۆڕی بارزانی شەڕ لەگەڵ پەکەکەدا ناکەین، بۆیە ئەو قسە ناراستەی بارزانی بەرپرسیارانی ئەوکاتەی پەکەکەی خستە غەفلەتەوە، ئەوە خاڵێکی نێگەتیڤ بوو، نەدەبوو باوەڕ بە قسەکانی مەسعود بارزانی بکەن، چونکە پارتی پێوانی شەڕ و مرۆڤایەتی و سیاسی لانیە.

ستار باس لەوە دەکات کە خەڵکانێکی زۆری شاری هەولێر ویستویانە خۆیان بکەن بە قەڵغانی زیندوو، لە دەوروبەر و لەناو بارەگاکانی پەکەکەدا کۆبونەتەوە، بۆئەوەی ئەو رووداوە ھەری کەم روونەدات، بەڵام جارێکی تر لەوێ پارتی بەڵێنی بە خەڵک دابوو کە ئەوان خەڵک ناکوژن و ھیچ شەرێکیش روونادات، بۆیە دیسان خەڵکیش بە بەڵێنی ئەوان باوەڕی کردبوو، بڵاو ببونەوە قوربانیەکانی کۆمەڵکوژی ھەولێر خەڵکی مەدەنی و رۆشنبیر و رۆژنامەوان و ھونەرمەند و نەخۆش و کەمئەندام و ژن بوون، ھەندێکیان قاچ یان دەستی نەبووە، چەندینیان بەدیل گرتن و کۆمەڵکوژیان کردن، بۆیە پارتی تاوەکو ئێستا دەترسێ تەنانەت باسی ئەو کەیسە بکات، پارێزگاری ئەوکاتەی ھەولێر فەرەنسۆ ھەریری بووە، ئەو لە مێژووی پارێزگاری خۆیدا مێژوویەکی شەرمەزاری دروست کردووە.

(بەشێک لە قوربانیانی کۆمەڵکوژی هەولێر)

بە گوتەی شایەتحاڵێک بەناوی مام شوان، یەکێک بووە لە ئەندامانی رێکخستنی ئەوکاتەی یەنەدەکە بۆ چەترپرێس دواوە و وتویەتی:” ئێمە لە بەرەبەیانی 16.05.1997 ھاتینە بارەگا لەوێ ھەندێ ژاوەژاو ھەبوو، ھەڤاڵان پێیان وتین کە پێویستە بە زووترین کات لێرە برۆین، منیان لەوێ دەرکرد پاشان بیستم کە ھێزێکی زۆر ھێرشیان کردە سەر بارەگای یەنەدەکە، ھەرچەند ئەوانەی لەناو بارەگا دابوون ھەندێک بەرگریان کرد بەڵام نەیانتوانی ژیانی خۆیان بپارێزن و ھەموویان شەهیدبوون، دواتر ھێرشیان کردە سەر نەخۆشخانە و لەوێ ھەرچی ئەندامی پەکەکە بوو شەهیدیان کردن و سوکایەتیان بە تەرمەکانیان کرد، دواتر ھێرشیان کردە سەر بارەگای میزۆپۆتامیا و نوسینگەی رۆژنامەی وڵات چەند کەسێکیان لەوێ شەهیدکرد و ھەندێکیشیان گرتن، ئەوانەی گیرابوون ھەموویان بێ سەروشوێنکران، زۆربەیان بە بلۆک سەریان پان کرابویەوە، ئەوەی روویدا ناتوانم باسی بکەم، ھیچ مرۆڤێک ئەو کارانە ناکات جگە لە پارتی، ئەو کەسانە شایەنی ئەوەنەبوون بمرن، ئەوان شایەنی ئەوەبوون خەڵات بکرێن. دواتر ھێرشی سەرتاسەری بۆ ھەموو بارەگاکانی تر دەستی پێکرد و بە لێشاو خەڵکیان دەستگیر دەکرد، بە سەدان کەس لە زیندانەکانی پارتی بوون و بێ سەروشوێن کران.

مام شوان ئاماژەی بەوەکردوە کە وەجی بارزانی و جەمال مورتکە و دینۆ زراری و چەند کەسی تر تاوانبارن بەو کۆمەڵکوژییە، سوپای دووی پارتی و ئاسایشی پارتی لە ھەولێر ئەو تاوانەیان ئەنجامدا، وە فەرەنسۆ ھەریریش کە ئەو کاتە پارێزگاری ھەولێر بووە بەشداری لە تاوانەکەدا کردووە.

(جەمال مۆرتکە و فەرەنسو هەریری)

قادر نادر چاودێری سیاسی کە ئەو کاتە ماڵیان لە ھەولێر بووە و بەپێی باس و خواسی خەڵک لەسەر کۆمەڵکوژیەکە بۆ هەمان سەرچاوە دواوە وتویەتی: لەکاتی ئەو تاوانە من لە ھەولێر لە ماڵەوە بووم نزیک بەنیوو کاتژمێرێک بووە تەقە دواتر وتیان لە ھەڤاڵانی پەکەکە درا، بەیانی چیرۆکەکان واباس دەکرا کە دیلەکانیشیان شەھید کردوە، باس لەنەخۆشخانە دەکرا کە گەریلای پەکەکە بەبرینداری لەنەخۆشخانە دەریان ھێناون و شەھیدیان کردوون، باس لە جەمال مۆرتکە دەکرا کە سەرپەرشتی ئەو شەڕەی کردبوو.

بەپێی زانیاریەکان کە پاسەوانی ئەوکاتەی گۆرستانی مەعمەل قیڕ پێی بە چەند سەرچاوەیەکی میدیاییان ڕاگەیاندوە لەناو ئەو گۆرستانە گۆرێکی بە کۆمەڵ لێدراوە و شەهیدانی کۆمەڵکوژی هەولێریان خستونەتە ناوی، لە سەربازگەی رەشکین و چەند شوێنێکی تریش گۆری بە کۆمەڵ ھەن کە گومان دەکرێت تەرمی ئەو شەهیدانەی تێکدابێت.

(گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە گۆڕستانی مەعمەل قیر)

یەکێک لەو کەسانەی ئەوکاتە لە ئۆپەراسیۆنەکانی پارتی دەستگیرکرابوو بەناوی عەبدولرەحمان عەزیز بەچەترپرێسی وتووە:” منیان لەماڵەوە دەستگیر کرد دوو ھەزاری ئەو کاتەمان ھەبوو بردیان و منیشیان شەش مانگ زیندانی کرد، لە زیندان خەڵکێکی زۆر گیرابوون، سزادان و شەڕی دەروونی بە بەردەوامی بەرامبەر ئێمە دەکرا، ھەمیشە خەڵکیان دەنارد سوکایەتیان بە ئێمە رۆڵەکانمان دەکرد، ئەوکاتە ناخۆشترین کاتی ژیانم بووە، ئەوەی ئەوان کردیان لەگەڵ ئێمە ھیچ دوژمنێک نەیکردووە”.

بەگوێرەی قسەکانی کەسوکاری قوربانیانی کۆمەڵکوژی ھەولێر ئەگەر دوژمنانی وەکو تورکیا و ئیران و عێراق و سوریا بوایە، ئێمە ھەندێ دلنەواییمان دەبوو، چونکە دەمانوت ئەوان دوژمنی ئێمەن، بەڵام ھێزێکی سیاسی کورد ئەوە بکات ئێمە دەبێ چی بکەین و چی بڵێین؟.

کەسوکاری قوربانیانی کۆمەڵکوژی ١٦/٥/١٩٩٧ سەردانی وەزارەتی شەھیدان و ئەنفالکراوان و دادگاکان کردوە، ھەروەھا یاداشتێکیان پێشکەشی سەرۆکایەتی ھەرێم و ئەنجومەنی وەزیران کردوە، کەتیایدا داوای ئاشکراکردنی چارەنوسی ڕۆڵەکانیان دەکەن و مەسعود بارزانی داوای لێبوردن لە بنەماڵەکانیان بکات و ئەگەر لە ژیاندا نەماون وەک شەھیدی بزوتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردستان ناونوس بکرێن، پەیمان بدرێت چیتر شەری کورد بە کورد دووبارە نەبێتەوە.

س.خ

Leave A Reply