هەندرێن شێخ راغب: هێرشەکانی تورکیا بۆ دژایەتی کورد و قەوارەى هەرێمە

هەولێر

دەوڵەتى داگیرکەری تورک بە هەموو ڕێی و ڕێبازێک دژایەتى گەلی کورد دەکات و  ئێستاش بۆ نەهێشتنى قەوارەى باشووری کوردستان لە پیلان و ئەرکدایە، چاودرێرێکی سیاسیش دەڵێت: هێرشە بەردەوامەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ دژایەتیکردنی گەلی کورد و قەوارەی هەرێمی کوردستانە.

هەندرێن شێخ ڕاغب چاودێری سیاسی سەبارەت بە سەردانەکەى ئەردۆغان بۆ عێراق و هەرێم و هێرشە داگیرکارییەکانى دەوڵەتى داگیرکەری تورک بۆ رۆژنیوز دەدوێت.

“ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا بۆ دژایەتیکردنی گەلی کورد و قەوارەی هەرێمی کوردستانە”

هەندرێن شێخ راغب دەڵێت: سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ عیراق و هەرێمی کوردستان، پەیوەندی بە کێشەی گەلی کورد هەبووە، لە باکوور و باشووی کوردستان، چونکە ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا بۆ دژایەتیکردنی گەلی کورد و قەوارەی هەرێمی کوردستانە، هێرشەکان هەولێکە بۆ چارەسەر نەکردنی دۆزی ڕەوای گەلی کورد باکووری کوردستان، چونکە ئەردۆغان رێگای شەڕ و هەنگاوەکانی سەربازی دژ بە گەلی کورد جێ بەجێ دەکات، ئەمەش تووشی زەرر و زیانێکی زۆری دەکات، بۆیە پێویستە تورکیا ڕێگای دیلۆماسی و ئاشتەوایی مامەڵە لەگەڵ پرسی گەلی کورد بکات.

وتیشی: پڕۆژەی و بیرۆکەی دەوڵەتی تورک بۆ زیندوو کردنەوەی میساقی میللیی زۆر مەترسیدارە بۆ وەڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گەلی کورد، چونکە دەوڵەتی تورک دەیەوێت لە سنووری جوگرافیای دەوڵەتەکەی بچێتە دەرەوە، ئەمەش جێگای قبوڵکردن نییە لەلایەن وڵاتانەوە، بۆیە ئەم بیرۆکەیە زیانی گەورە بە خودی خۆی دەگەینێت.

” ناکۆکی لایەنە کوردییەکان سوودی بە داگیرکەران گەیاندووە”

ئەو چاودێرە سیاسییە باسی لەوەشکرد: دەوڵەتی تورکیا خەون دەبینێت بە زیندوو کردنەوەی میساقی میللی، بۆیە هەوڵەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ گەڕانەوەی سەردەمی عوسمانی ناکۆکی و ئاژاوا لە ناوچەکە درووست دەکات، وڵاتانی ناوچەکە دژی تورکیا دەوەستنەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی نائارامی لە ناوچەکەدا، تورکیا لەبری زیندووکردنەوەی میساقی میللی، پێویستە بیر لە درووستکردنی پەیوەندی و دیبلۆماسیەت بکاتەوە لە ناوچەکەدا.

لەبارەی هاوکاریەکانی پەدەکە بۆ دەوڵەتی داگیرکەری تورک هەندرێن شێخ راغب وتی: هەبوونی ناکۆکی لایەنە کوردییەکان هیچ کاتی لە سوودی گەلی کوردا نەبووە، بە جۆرێک دژایەتیکردنی هێزە و لایەنە کوردیەکان سوود بە داگیرکەران و دووژمنانی گەلی کورد دەگەینێت، بۆیە هەمیشە وڵاتانی داگیرکەر لە پێناو ئاماجەکانی خۆیان هێزە کوردییەکانیان بە کار هێناوە.

ئاماژەی بەوەشکرد: وڵاتانی دراوسی و داگیرکەران دڵسۆزیان بۆ گەلی کورد نییە، پێویستە لایەنە سیاسییەکان پشتیوان و هاوکاری یەکتری بکەن، لە پێناو بەدەستهێنانی ماف و سەربەخۆیی گەلی کورد، چونکە ناکرێت پەیوەندی تورکیا لە چوارچێوە حزبێک و لایەنێکدابێت، بۆیە ئەرکی هەموو لایەنێکە بەیەکدەنگی کاری بکەن بۆ بەرەوپێشبردنی دۆزی گەلی کورد.

“ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن هۆکارە بۆ دەستوەردانی وڵاتانی دەرەکی لە نێوخۆی هەرێم”

پەیوەست بە هەڵبژاردنى پەرلەمانى هەرێمی کوردستانیشەوە، هەندرێن شێخ ڕاغب جەخت لەوە دەکاتەوە، ناکۆکیی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان هۆکارە بۆ دواخستی و ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنی پەرلەمان، دوای بڕیارەکانی دادگای فیدڕالی لەبارەی بەرێوەچوونی یاسای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ئەمە لای پەدەکە جێگای قبوڵکردن نەبوو، چونکە پێیانوایە بڕیارەکانی دادگای فیدڕالی  لە سوودی ئەنجامەکاندا نییە، بۆیە هەڵبژاردن بووتە قوربانی نێوان لایەنە سیاسییەکان.

دەشڵێت: دواکەوتن و ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن زیان بە هەموو لایەنەکان دەگەیەنێت، پێویستە پڕۆسەی دیموکراسیەت جێبەجێ بکرێت، تا لە ڕێگای هەڵبژاردنەوە دەستوور و شەرعیەتی هەرێمی کوردستان نوێی بکرێتەوە، بۆ بەهێزکردنی دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان، چونکە ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن هۆکارە بۆ دەستوەردانی وڵاتانی دەرەکی لە نێوخۆی هەرێمدا.

لەکۆتایدا ئەو چاودێرە سیاسییە وتیشی: پارتی  و لایەنەکانی تری باشووری کوردستان لە پیلانگێڕی دووژمنان دوور بکەنەوە، چونکە هەر جۆرە ڕێکەوتنێک و شەڕی لایەنەکان، بە زیانی گەلی کورد تەواو دەبێت، ئەمەش لە سوودی داگیرکەران دایە، بە پێویستی یەکگرتوویی لایەنە سیاسییەکان هەبێت، بۆ ڕووبەڕوبوونەوەی دووژمنان.

هـ.ح

Comments are closed.