لە گردبوونەوەیەکدا داوا کرا هەستیار هۆشیار بەر لێبوردنی تایبەت بکەوێت

سێشەممە, 18 فبر 2020 – 13:50  ڕۆژنیوز – سلێمانی

https://youtu.be/3FLHirVlX-0=

لەبەردەم دادگای سلێمانی گردبوونەوەیەک بۆ پاڵپشتی لە فەرمانبەری پێشووی دادگا هەستیار هۆشیار ڕێکخرا کە بەتۆمەتی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی سزای ساڵێک زیندانی بەسەردا سەپێنراوە و ئێستا لە زیندان مانی لەخواردن گرتووە.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، کەسوکارو چالاکوانان و پارێزەرانی خۆبەخشی هەستیار هۆشیار ڕایانگەیاند، هەستیار لەدژی ئەو سزایەی دادگا بەسەریدا سەپاندووە، ماوەی ١٥ ڕۆژە مانی لەخواردن گرتووە و دەمی خۆی دووریوەتەوە.

هەروەها ئاماژە بەوەش کرا، هەستیار قوربانی خراپی دادگاکان و دادوەرەکانە و داواشیان لە سەرۆکی هەرێم نێچیرڤان بارزانی کرد، لێبوردنی تایبەتی بۆ دەربکات.

هاوناز هۆشیار خوشکی هەستیار لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، ماوەی ١٥ ڕۆژە هەستیار لە گرتووخانەی چاکسازی گەورانی سلێمانی مانی لە خواردن گرتووە و بڕیاریداوە تا گەڕاندنەوەی مافەکەی کە داخستنی دۆسیەکان و ئازادکردنیەتی، مانگرتنەکە نەشکێنێت.

هەروەها داوایکرد، ئەنجومەنی دادوەری لە هەرێمی کوردستان تەواوی کەیسەکانی هەستیار بگوازێتەوە بۆ دادگاکانی بەغدا، چونکە لە هەرێمی کوردستان ئەوەی سکاڵاکارە و ئەوەی یەکلاکەرەوەی سکاڵایە هەر سکاڵاکارەکەیە.

هۆشداری ئەوەشیدا لە حاڵەتی هەر ئەگەرێکی نەخوازراو کە بەسەر کوڕەکەیاندا بێت، دادگای ناوچەی سلێمانی و دادوەرانی سکاڵاکار بە بەرپرس دەزانن و کەیسەکەش دەگەیەننە سەرجەم ڕێکخراوه جیهانییەکانی مافی مرۆڤ و کۆنسوڵخانە و میدیاکان.

لای خۆیەوە، ڕێبین محەمەد، پارێزەری هەستیار هۆشیار وتی، دەبوو کەیسەکەی هۆشیار بەر یاسای لێبوردنی گشتی بکەوێت یان سزاکەی کەم بکرێتەوە، بەڵام بە هیچ شێوەیەک نەیگرتەوە.

ک.س

Leave A Reply