ساڵیادی تیرۆرکردنی وەدات حسێن لە سلێمانی دەکرێتەوە

پێنجشەممە, 10 أغس 2017 – 15:32 

ڕۆژنیوز – سلێمانی

لە مەراسیمێکی تایبەتدا لە شاری سلێمانی، ساڵیادی تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووس و پەیامنێری ئاژانسەکەمان لە دهۆک، وەدات حسێن بەرز ڕادەگیرێت.

ڕۆژی یەکشەممە، ١٣ی ئاب لە هۆڵی تەوار لە شاری سلێمانی، یەکەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی وەدات حسێن بەڕێوەدەچێت.

سۆران حسێن، ئەندامی دەستەی بەڕێوبەریی ئاژانسی ڕۆژنیوز، ڕایگەیاند:”لە ساڵیادی تیرۆرکردنی شەهد وەدات-دا مەراسیمێکی تایبەت لە شاری سلێمانی بۆ بەرزڕاگرتنی خەباتی وەدات و شەهیدانی قەلەم بەڕێوەدەبەین”.

وتیشی:”داواکارین سەرجەم ڕۆژنامەنووسان و چالاکان و هەموو چینەکانیتری کۆمەڵگە بەشداری مەراسیمەکە بکەن، چونکە بەشداربوون لە وەها مەراسیمێکدا داکۆکیکردنە لە خوێنی شەهیدانی قەڵەم و ئازادی ڕادەربڕین”.

دەربارەی شوێن و کاتەکەی ناوبراو، وتی: لە هۆڵی تەوار و لەشاری سلێمانی، کاتژمێر ٠٥:٠٠ ی دوای نیوەڕۆ مەراسیمی ساڵیادەکە بەڕێوەدەچێت.

وەدات حسێن، لە ١٣ی ئابی ساڵی ڕابردوودا، لەلایەن چەند چەکدارێکەوە بە ڕۆژی ڕووناک و بەرچاوی چەندین کەسەوە ڕفێندرا، پاش کەمتر لە دوو کاتژمێر بە وتەی بەرپرسە ئەمنییەکانی سنوورەکە، لە ‘نزیک گوندی سێجێی نزیک شاری دهۆک دۆزرایەوە’، کە بە دڕندانەترین شێوە لەژێر ئەشکەنجەدا بریندارکرابوو، بەهۆی دڕندەیی و سەختی بریبنەکەیەوە هەمان ڕۆژ و پاش چەند خولەکێک لە نەخۆشخانەی گشتی دهۆک بە شێوەیەکی گوماناوی شەهید بوو.

ر.م

Leave A Reply