کۆمه‌ڵى ئیسلامى: پێویسته‌ بارودۆخى په‌رله‌مان ئاسایى بکرێته‌وه‌

پێنجشەممە, 10 أغس 2017 – 17:05 

ڕۆژنیوز ـ ناوه‌ندى هه‌واڵه‌کان

کۆمه‌ڵى ئیسلامى ڕاگه‌یه‌ندراوێکى بڵاوکرده‌وه‌ و ڕایگه‌یاند، پێویسته‌ بارودۆخى په‌رله‌مان ئاسایى بکرێته‌وه‌ و هه‌رچى زووه‌ سیستمى پاشه‌که‌وتى مووچه‌ لاببرێت.

ئه‌مڕۆ به‌ سه‌رپه‌رشتی عه‌لی باپیر ئه‌میرى کۆمه‌ڵی ئیسلامی، سه‌رکردایه‌تى کۆمه‌ڵى ئیسلامى کۆبووه‌وه‌ و دواى کۆبوونه‌وه‌که‌ش ڕاگه‌یه‌ندراوێکیان بڵاوکرده‌وه‌.

به‌پێى ڕاگه‌یه‌ندراوه‌که‌ “له‌باره‌ی هه‌وڵه‌کان بۆ کاراکردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان و ده‌ربازبوون له‌و قه‌یرانه‌ سیاسییه‌ی هه‌رێمی کوردستانی تێکه‌وتووه‌، ئه‌نجومه‌نی سه‌رکرادیه‌تی و کۆبوونه‌وه‌ی گشتی پێیان وایه‌ پێویسته‌ بارودۆخی په‌رله‌مان ئاسایی بکرێته‌وه‌ و هه‌موو ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی که‌ هه‌یبووه‌ له‌ کاری یاسادانان و چاودێری موماره‌سه‌ی بکات” .

ئاماژه‌ به‌وه‌ش کراوه‌ “کۆمه‌ڵی ئیسلامی چاککردنی بژێوی و گوزه‌رانی خه‌ڵکی به‌ ئه‌وله‌ویه‌تی کاری خۆی ده‌زانێ و به‌ پێویستی ده‌زانێت هه‌رچی زووه‌ سیستمی پاشه‌که‌وتی موچه‌ لاببرێت و بژێوی خه‌ڵک چاکبکرێت”.

باس له‌وه‌ش کراوه‌ “له‌ پاش کاراکردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان پرسی ڕیفراندۆم وه‌ک هه‌رپرسێکی گرینگ و چاره‌نووساز له‌و دامه‌زراوه‌ یاسایی و شه‌رعیه‌ تاوتوێ بکرێت و، بڕیاری له‌ باره‌وه‌ بدرێت” .

هه‌ر به‌پێى ڕاگه‌یه‌ندراوه‌که‌ “کۆبوونه‌وه‌ به‌ پێویستی زانیی هه‌ڵبژاردنه‌کان له‌ کاتی خۆیدا ئه‌نجامبدرێت و له‌ ئێستاوه‌ زه‌مینه‌سازی گونجاوی بۆ بکرێت و هیچ جۆره‌ به‌ربه‌ستێک نه‌بێته‌ پاساو بۆ دواخستن یان ئه‌نجامنه‌دانی ئه‌و پرۆسه‌ نیشتمانیه‌”.

ک.ک

Leave A Reply