ڕێکخراوە بیانییەکانیش هەرێمی كوردستان بە جوگرافیایەکی مەترسیدار دەزانن

هەینی, 11 أغس 2017 – 08:43 

ڕۆژنیوز- محەمەد و تاهیر

بەشێك لە ڕۆژنامەنووسانی سنوری ئیدارەی ڕاپەرین ڕایدەگەینن، هەرێمی كوردستان ژینگەیەكی زۆر خراپە بۆ ڕۆژنامەنووسان و مامۆستایانی ئایینی، هاوکات بوەتە جێگایەكی مەترسیدار و ناوەندی كپكردنی دەنگی ئازاد و ئازادی ڕادەربرین، بە شێوەیەکی کە ڕێکخراوە بیانییەکانیش بە جوگرافیایەکی مەترسیداری دەزانن.

تیرۆرکردن و ڕاوەدونان و هەڕەشەکردن لە رۆژنامەنووسان بوەتە دیاردەیەک و ڕۆژانە پێشێلکارییەکان دژی ڕۆژنامەنووسان و ئازادی ڕادەربرین لەلایەن ڕێکخراوەکانەوە تۆمار دەکرێت، ئەمەش کاردانەوەی رۆژنامەوانانی لێ کەوتوەتەوە.

سەلمان كۆچەری كارگێری دەزگای ستاندەر ڕایدەگەینیت: لە ساڵانی ڕابردوودا و تا ئێستاش دوو توێژ لە هەرێمی كوردستان كەوتوونەتە بەر شاڵاوی تیرۆر و تۆقاندن، یەكێكیان توێژی ڕۆژنامەنووس و ئەوەی تریان مامۆستایانی ئایینی، لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا تا ئەمڕۆ، زیاتر لە 80 مامۆستای ئاینی زیندانی كراون و 4 ڕۆژنامەنووسیش تیرۆر كراون بە داخەوە تا ئێستا كەیسی ئەو كەسانەی كە تیرۆر كراون یەكلایی نەكراوەتەوە و بكەرانی ئەم دەستە ڕەشە نەدراونەتە دادگا.

كۆچەری ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد كە لە ئاستی ئەم كردەوە نامرۆڤانەیەی هەرێمی كوردستان لە لایەن رێكخراوی ئەمنێستی ئینترناشنال و هیومان رایتس وۆچ، هەرێمی كوردستان خراوەتە ناو لیستی ڕەشەوە، بە داخەوە ئەگەر ئاماژە بە كەیسی ئەم دوایەی شەهیدی قەڵەم وەدات حسێن بكەینن دەبینین کە تا ئێستا بكەرانی ئەم كردەوەیە ئاشكرا نەكراون، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە كە دەستێكی گەورە لە پشت ئەم كردەوە نامرۆڤانەیە هەیە، ئەمەش بە كەسانی ئاسایی ناكرێت، دیارە دەستێكی باڵای دەسەڵاتدارن لە پشت ئەو كردەوەیە هەیە.

كۆچەری ڕاشیگەیاند: ئێستا دەسەڵاتی كوردی بە جۆرێكی تر گوشار و ترسی لەسەر ڕۆژنامەنووسان دروست كردووە، ئەویش لە رێگەی گوشار لە سەر خێزان و لە رێگەی كۆمەڵایەتییەوە هەڕەشەیان لێدەكرێت، من دەمهەوێت ئاماژە بەوە بكەم كە ئەو ڕۆژنامەنووسانەی كە دەكەونە سنوری پاراستنی میدیا و هەر وەها نزیكن لە پارتی كرێكارانی كوردستان PKK و كار لە سەر دۆزی نەتەوەیی كورد و ئازادی دەكەن، كەوتوونەتە بەر هەڕەشە و تیرۆر و لە ئێستاشدا مەترسیان لە سەرە وەك دەبینین تا ئێستا دۆسیەی وەدات حسێن لە لایەن دادگا یەكلایی نەكراوەتەوە، هەموومان دەزانین كە پێش تیرۆركردنی وەدات چەند جارێك لە لایەن دەزگا ئەمنیەكانی سنوری پارێزگای دەهۆك هەڕەشە لە شەهید وەدات كراو.

ڕۆژنامەوان مەجید بیتوێنی، سەبارەت بە تیرۆری رۆژنامەنووسان و دەنگی ئازاد لە هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند: هەرێمی كوردستان ژینگەیەكی زۆر خراپە بۆ كاری ڕۆژنامەوانی، ئەگەر سەیر بكەین ساڵانە ڕۆژنامەنووسان تووشی لێدان و كوشتن و ڕفاندن دەبنەوە و دەست بە سەر كەلوپەلی ڕۆژنامەوانیان دادەگیرێت و سووكایەتیان پێ دەکرێت، یەكێك لەو ڕۆژنامەنووسانە كە بە دڕندانەترین شێوە تیرۆر كرا وەدات حسێن بووە.

بیتوێنی ڕاشیگەیاند: سەندیكای ڕۆژنامەنووسان وەك پێویست كارا نییە، پێویست بوو سەندیكای ڕۆژنامەنووسان ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیان بەرز بكاتەوە بۆ ناوەندە جیهانیەكان بۆ ئەوەی بزانرێت دۆخی ڕۆژنامەنووسان لە هەرێمی كوردستان لە چ بارودۆخێكدایە، زۆرجار ڕۆژنامەنووسی بیانی ترسیان لەوە هەیە كە گیایانیان پارێزراو نییە لە باشوری كوردستان، چونكە ئەم نموونە خراپە لەو هەرێمەدا دەبینیت.

د.خ

Leave A Reply