تۆپبارانەکانی ئێران چیای شاهۆ-ی ئاگر تێبەرداوە

چوؤرشەممە, 9 أغس 2017 – 09:33 

ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان

تۆپبارانەکانی ئێران بۆسەر چیای شاهۆ لە دوێنێوە دەستیانپێکردووە و ئاگرێکی بەرفراوانیش هەر لە دوێنێوە لە چیای شاهۆ کەوتووەتەوە و دارستانەکانی چیای شاهۆ دەسوتینێت.

سەرلەبەیانیی دوێنێ سوپای پاسداران دەستیکرد بە تۆپبارانکردنی چیای شاهۆی سەربە شارۆچکەی کامیارانی پارێزگای سنە، بەوهۆیەشەوە ئاگرێکی زۆرلە چیای شاهۆ کەوتەوە، دەوترێت پاش شەڕێک کە لە چیای شاهۆ ڕوویداوە تۆپبارانەکانی سوپاش قورستربوونەتەوە.

سەرچاوە خۆجێیەکان لە شارۆچکەی کامیارانەوە ڕایانگەیاند، کە هێزەکانی سوپای پاسداران نەک تەنیا بۆخۆیان هیچ هەوڵێک نادەن بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە، بەڵکو ڕێگری دەکەن لە هاوڵاتیانیش کە ئاگرەکە بکوژێننەوە.

هەروەها ئەو هێزانە بە هاوڵاتیانیان ڕاگەیاندووە، کە لە کاتژمێر ٠٧:٠٠ی بەیانییەوە بۆ ٠٣:٠٠ی پاشنیوەڕۆ هیچ کەسێک بۆی نییە لەو ناوچانەی ئاگریان لێکەوتووەتەوە هاتوچۆ بکات.

دەشوترێت کە پاش ئەوەی دوێنێ لە چیای شاهۆ شەڕ و پێکدادانێک لە نێوان هێزەکانی سوپای پاسداران و هێزەکانی حزبێکی ئۆپۆزسیۆنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕوویداوە، سوپای پاسداران تۆپبارانەکانی قورستر کردووەتەوە.

تۆپبارانەکان هێشتا بەردەوامن.

س.ح

Leave A Reply