كۆبوونەوەی یەكێتی و كۆمەڵ بە بێدەنگی كۆتاییهات

شەممە, 22 يول 2017 – 13:17 

ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەكان

دوای دوو كاتژمێر لە كۆبونەوەیان لە مەكتەبی سیاسی یەكێتی، كۆبوونەوەی هەردوو مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان كۆتایی هات، بەبێ‌ ئەوەی كۆنگرەی ڕۆژنامەنووسی ببەستن، یاخوت ڕاگەیاندراو بڵاو بكەنەوە.

كاتژمێر ١٠:٠٠ی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، هەردوو مەكتەبی سیاسی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، لە بارەگاری مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە سلێمانی كۆبوونەوە.

بەپێی زانیارییەكان لە كۆبوونەوەكەی هەردوو مەكتەبی سیاسی یەكێتی و كۆمەڵ-دا، باسی سەردانی شاندی یەكێتی بۆ وڵاتی ئێران كراوە، هەروەها پرسی ڕیفراندۆم و كاراكردنەوەی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان،بەشێکیتربووە لە باسەکانی کۆبوونەوەکە.

هەروەها چاوەڕوان دەكرێت، ئەمڕۆ كاتژمێر ٠٤:٠٠، شاندێكی یەكێتی لەگەڵ یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، لە شاری هەولێر كۆبێتەوە، سبەینێش بزوتنەوەی گۆڕان و یەكێتی لە شاری سلێمانی كۆببنەوە.

بەپێی هەندێك زانیاری نافەرمی، یەكێتی، لە دوای سەردانی شاندێكیان بۆ وڵاتی ئێران، دەیانەوێت لەگەڵ لایەنەكاندا كۆ ببنەوە و هەندێك پێشنیار بدەنە لایەنەكان لە بارەی ڕیفراندۆمەوە.

س.ح

Leave A Reply