کۆکردنەوەی واژۆ لە دژی داگیرکاری لە فەیسبووکەوە برایە ناو خەڵک

ڕۆژنیوز – تەکیە

گەنجانی باشوری کوردستان لە درێژەی کۆکردنەوەی واژۆ لە دژی داگیرکاری و بەردەوامیدان بە کەمپەینەکە لە فەیسبووک، لە ئێستادا فراوانتریان کردووە بە ماڵ و گەڕەک و دوکانەکاندا دەگەڕین، لە بەردەوامی ئەو هەڵمەتەدا لە شارەدێی تەکیە و بازیان زیاتر لە هەزار واژۆیان کۆکردەوە.

بە پێشەنگایەتی ڕێکخراوەکانی “کۆمەڵەی ژیانەوەی گەنجان و ژنانی گەنجی تێکۆشەو” لە دژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک کەمپەینی کۆکردنەوەی ‘١٠٠ هەزار’ واژۆ، لە ژێر ناونیشانی ‘بۆ کوردستانێکی ئازاد و سەربەخۆ، فاشیزم و داگیرکاریی بڕوخێنە’، بەردەوامە، لەو چوارچێوەیەدا دوێنێ لە شارەدێکانی تەکیە و بازیان لە سنووری سلێمانی، لە ناو هاوڵاتیاندا واژۆیان کۆکردەوە.

ئەم کەمپەینە سەرەتا لە فەیسبووک دەستیپێکرد، بەڵام لە ئێستادا چوونەتە ناوخەڵک و بە شێوازیی دەستی واژۆ کۆدەکەنەوە.

کۆکردنەوەی واژۆ لە تەکیە و بازیان لەلایەن هاوڵاتیان و کاسبکارانەوە بە شێوەیەکی باش پێشوازی لێکرا و بڕیاریشە لە سەرجەم شارو شارۆچکەکان بەردەوامیی بەمشێوازەی هەڵمەتەکە بدەن.

داواکاریی و ئامانجی سەرەکیش لە کۆکردنەوەی ئەم وژاۆیانە، بریتیە لە:

– بە زووترین کات بنکە و بارەگا سەربازییەکانی دەوڵەتی تورک لە هەموو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بکرێنە دەرەوە.

– لە ساڵی ٢٠٠٣ پەرلەمانی هەریمی کوردستان بڕیاری داوە بۆ دەرکردنی هەموو بنکەوبارەگا سەربازییەکانی سوپای تورکیا، بەڵام نەکەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بۆیە داوادەکەین ئەم بڕیارە بە زووترین کات جێبەجێ بکرێت.

-دروستکردنی هێلی دژە فڕینی ئاسمانی بۆ ڕێگەگرتن لە بۆردوومانی فرۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکیا لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا.

پاشان کۆیی گشتی ئەو واژۆیانە کە دەیگەیەننە ١٠٠ هەزار، ئاڕاستەی ‘نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق و ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان’ی دەکەن.

س.ح

Comments are closed.