سوپای عێراق هێز لە دەروازە سنوورییەکان بڵاودەکاتەوە

کازمی بڕیاریدا هێزی سەربازی لە دەروازە سنووریەکان بڵاوبکاتەوە، بڕیارەکەش تەواوی دەروازە سنوورەیەکانی وڵات دەگرێتەوە.

عەمید یەحیا ڕەسوڵ، وتەبێژی سوپای عێراق بە ڕۆژنامەی سەباحی ڕاگەیاندووە، بڵاوکردنەوەی هیز لە دەروازە سنوورییەکان، پەیامێکی بەهێزە لەلایەن مستەفا کازمییەوە بۆ خستنەوە ژێر دەستی ئەو دەروازانە بۆ ژێر دەستی دەوڵەت و ڕێگریکردن لە کەس و گروپەکان لە کاری قاچاخ و بەرتیلدان و گەڕاندنەوەی داهاتەکان بۆ ژێر دەستی حکومەت.

یەحیا ڕەسوڵ ئاماژەی بەوەشداوە، کە بڕیارەکەی تەواوی دەروازە سنورییەکان دەگرێتەوە و لە ئایندەشدا قۆناغ بە قۆناغ جێبەجێ دەکرێت، ئەوەش بە ئامانجی کۆنترۆڵکردنی تەواوی دەروازەکان لەلایەن دەوڵەتەوە.

وتەبێژی سوپای عیراق وتیشی، حکومەت زانیاری تەواوی لایە لەسەر ناوی ئەو مافیایانەی کە دەستیان بەسەر دەروازە سنوورییەکاندا گرتووە، لەو چوارچێوەیەشدا بڕیاری توند دراوە لەسەر گۆڕین و دوورخستنەوەی ئەو فەرمانبەرانەی کە گومانی گەندەڵییان لەسەرە لەگەڵ بڵاوکردنەوەی دۆسیەکانیاندا.

لە ئێستادا مستەفا کازمی دەستیکردووە بە گۆڕینی بەرپرسە سەربازی و ئەمنییەکان و دوورخستنەوەی بەشێکیان لە کارەکانیان.

هەرچەند بە دیاری کراوی باسی لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستان نەکردووە، بەڵام بەوپێی دەڵێت تەواویی وڵات، بڕیارەکە هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە.

س.ح

Comments are closed.