هاتوچۆی بازرگانی لە مەرزی کێلێی سنووری پشدەر ڕاگیرا

ناوەندی هەواڵەکان

لەبەیانی ئەمڕۆوە شۆفیرانی بارهەڵگر لە مەرزی کێلی مانگرتنیان ڕاگەیاندووە، بەو هۆیەوە جوڵەی بارزگانى لە مەرزەکە بۆ ئێران بە تەواوی ڕاگیراوە، شۆفێرانیش دەڵێن: بەهۆی ڕێگری کردنمان بۆ گەیشتن بە سنووری پارێزگای هەولێر ڕێگریمان لێدەکرێت، بۆیە داوای چارەسەری ئەو کێشەیە دەکەین.

لە بەیانی ئەمڕۆوە بەهۆی درووستکردنی کێشەی هاتوچۆ و گەیشتنیان بە پارێزگای هەولێر ژمارەیەکى زۆر لە شۆفێرانی بارهەڵگر لە مەرزی کێلێ مانگرتنیان ڕاگەیاند.

بەشێک لە شۆفێران کە بۆ ڕۆژنیوز قسەیان کرد، ئاماژە بەوە دەکەن، ئەو بارانەى ئەوان لە ئێرانەوە دەیهێنن ڕێگەیان پێ نادرێت بڕۆن بۆ هەولێر، دەڵێن: لە سماقوڵی و هیران و نازەنین و کۆیە ڕێگە گیراوە.

لەئێستادا هاتووچۆی بارزگانى لە مەرزی کێلێ ڕاگیراوە و تەنیا گەشتیار و هاوڵاتییان هاتوچۆ دەکەن.

ژمارەیەک لەو شۆفێرانە ڕێگرییەکە بۆ هۆکاری سیاسی دەگێڕننەوە و دەڵێن، لە بازگەکانی پەدەکە ڕێگەیان پێنادرێت بچنە سنووری پارێزگای هەولێر، ژمارەیەکیشیان دەڵێن، بەهۆی کارکردن لەو ڕێگایانەوەیە کە چاک دەکرێن رێگەیان پێنادرێن بچنە هەولێر.

شۆفێران داوا لە حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن، کێشەى ئەو ڕێگریکردنەیان بۆ چارەسەر بکرێت، ئەگەر زیانێکی ماددی زۆر بەر پشدەر و ئیدارەى ڕاپەڕین و خودی حکومەتیش دەکەوێت.

ڕۆژنیوز بەدواداچوونى بۆ ئەو کێشەیە کرد و بەپێی زانیارییەکان کە لەسەرچاوەیەکەوە وەریرگرتووە، بە بڕیاری پەدەکە ڕێگری لە چوونى هەر بارهەڵگرێکی سنووری دەروازەی کێلێ دەکرێت، بەشێکی پەیوەندی بە بریاری سیاسییەوە هەیە، بەشێکیشی داوای گومرگ لە شۆفێران دەکرێت.

هەروەها ڕۆژنیوز پەیوەندی بە لایەنە پەیوەندیدارەکانى ئیدارەى ڕاپەڕین و شارۆچکەى قەڵادزێوە کرد، ئەوان وێڕای پشتگیرکردن لە داواکاری شۆفێران، جەختیشیان کردەوە، لە ئێستادا لە پەیوەندی و بەدواداچووندان بۆ چارەسەر کردنى ئەو کێشەیە و سەرووخۆیان ئاگادار کردووەتەوە.

مەرزی کێلێ دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتى شارۆچکەی قەڵادزێ و “ھاوسنوور”ە لەگەڵ رۆژهەڵاتی کوردستان، ساڵی ٢٠٢٢ بە شێوەیەکى فەرمی بڕیار لەسەر بە نێودەوڵەتیکردنى درا و هاتووچۆی بازرگانى و هاوڵاتییان درا، ئێستا ئەو دەروازەیە یەکێکە لە دەروازە چالاکەکانى بازرگانى لەگەڵ ئێران.

هـ.ح

Comments are closed.