کۆمکاری عەرەبی: دەستوەردانەکانی تورکیا لە عێراق و سوریا و لیبیا ڕەتدەکەینەوە
ئەمینداری گشتی کۆمکاری عەرەبی ڕایگەیاند، پێشوازی لە هەڵسوکەوتەکانی تورکیا و دەستوەردانەکانی لە کاروباری وڵاتانی عێراق و سوریا و لیبیا ناکەن و بەهەموو شێوەیەک ڕەتیدەکەنەوە.
ئەحمەد ئەبولغەیت، ئەمینداری کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی بە شەرقولئەوسەتی ڕاگەیاندووە، هەڵوێستی وڵاتانی عەرەبی ئەوەیە کە بە هەموو شێوەیەک دەستوەردانەکانی دەوڵەتی تورکیا لە کاروباری وڵاتانی عەرەبی و چاوتێبڕین لە سامانەکانیان ڕەتدەکاتەوە.
هەروەها دەڵێت، پێشتریش هەڵوێستی ئەنجومەنی کۆمکارەکە ڕوون بووە کە بەهەموو شێوەیەک دەستوەردانەکانی تورکیا لە عێراق و سوریا و لیبیای ڕەتکردووەتەوە.
ئەبولغەیت هۆشداری ئەوەشیداوە کە هەڵسوکەوتەکانی ئەنقەرە پێشێلکاری و هەڕەشەن بۆسەر ئاسایشی نیشتیمانی عەرەبی و کۆمکاری عەرەبی پێشوازی لێ ناکات، بۆ نمونە هەر جۆرە دەستوەردانێكی هەرێمی هەڕەشەیە بۆسەر ئەمن و ئاشتی و بەرقەراربوونی وڵاتانی عەرەبی.
دوپاتیشیدەکاتەوە، کە هیچ کەس ناخوازێت سیناریۆی سوریا لە لیبیاش دووبارە ببێتەوە، لەو چوارچیوەیەدا پابەندییەکی عەرەبی ڕاستەوخۆ هەیە بۆ پاراستنی سەروەری و سەربەخۆیی وڵاتی لیبیا و ئاشتی و یەکپارچەیی خاکەکەی، هەروەها پێشوازی لە دابەشکردنی وڵات ناکەن لەنێوان هێزەکاندا.
ئاماژە بەوەش دەکات، کۆمکاری عەرەبی ناتوانێت پێشوازی لەوە بکات کە لیبیا ڕاستەوخۆ ببێتە هەڕەشەیەک بۆسەر وڵاتانی دراوسێی لەوانەش میسر و جەزائیر و تونس.
س.ح
Comments are closed.