لە ئەمریکا بافڵ تاڵەبانی و ئەندامێکی لیژنەکانی هەواڵگریی و بەرگریی کۆبوونەوە

ناوەندی هەواڵەکان

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەنەکە، لە میانی سەردانەکەیدا بۆ ئەمریکا لەگەڵ مایک گارسیا، ئەندامی لیژنەکانی هەواڵگریی و بەرگریی کۆبوویەوە و جەختیان لە هەوڵەکان بۆ ئاشتیی و سەقامگیریی و خۆشگوزەرانیی لە ناوچەکەدا کردووەتەوە.

سەرۆکی یەنەکە، بە مەبەستی ئەنجامدانی ژمارەیەک دیدار و کۆبوونەوە لە ٦ـی ئەم مانگە سەردانی واشنتۆنی ئەمریکای کرد و ئەمڕۆش لەگەڵ مایک گارسیا، ئەندامی لیژنەکانی هەواڵگریی و بەرگریی (لیژنەی پرۆگرامی ڕاهێنان و هاوکاریکردنی هێزی پێشمەرگە) کۆبوویەوە.

بەپێی ڕاگەیاندراوی نووسینەگەی بافڵ تاڵەبانی، لە کۆبوونەوەکەدا باس ڕۆڵی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی لە هاوکاریی و پڕچەککردنی هێزی پێشمەرگە کراوە و بافڵ تاڵەبانی ڕایگەیاندووە، بە پێزانینەوە لە هەوڵ و قوربانییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان دەڕوانین لە پێناو سەقامگیریی ناوچەکەدا.

بافڵ تاڵەبانی وتووشییەتی: داڕشتنەوەی ستراتیژێکی نوێ لە نێوان هەرێمی کوردستان، عیراق و ئەمریکا لە چوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییە گشتییەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان پێویستییەکی گرنگی قۆناغەکەیە.

لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا، دواین گۆڕانکارییە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گفتوگۆیان لەبارەوە کراوە و جەخت لە بەردەوامیی گفتوگۆکان بۆ چارەسەری کێشە و ناکۆکییەکانی کرا.

هەروەها بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشکردووە، هەوڵی ئێمە لە پێناو پاراستنی سەقامگیریی، خۆشگوزەرانی خەڵکەکەمان و دوورخستنەوەی وڵاتە لە ململانێکان، پەیوەندییەکانیشمان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و جیهان هەر لەو چوارچێوەیە و لە پێناو بەدیهێنانی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکاندایە.

ب. جـ

Comments are closed.