یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان لە یەکێتی ئەورووپا پەسەند کرا

ناوەندی هەواڵەکان

وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا، یەکەم یاسای ئەورووپییان پەسەند کرد، بۆ نەهێشتنی دەستدرێژیی سەر ژنان و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان.

لە مانگی نیساندا بە شێوەیەکی ئەرێنی لەلایەن پەرلەمانی ئەورووپاوە پڕۆژەیاسایەک سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان وەرگیرا، هەروەها ئەمڕۆ کۆنسەی یەکێتی ئەورووپا کە نوێنەرایەتیی ٢٧ وڵاتی ئەندام دەکات، پڕۆژەیاساکەی پەسەند کرد، ئەم پەسەندکردنە فەرمییەش دەبێتە دوا هەنگاوی یاساکە.

ناوەڕۆکی یاساکە خەتەنەکردنی مێینە، هاوسەرگیری زۆرەملێ، بڵاوکردنەوەی وێنەی تایبەت بەبێ ڕەزامەندی کەسەکە و هێرشی ئەلیکترۆنی لە ئەورووپا بە تاوان لە قەڵەم دەدات، کەمترین سزاش بۆی یەک بۆ پێنج ساڵ دەبێت، لە دۆخی پێویستیشدا سزای قورستر هەیە، لە ئەگەری ئەوەی قوربانییەکە منداڵ بێت یان هاوسەری تاوانبار یان هاوسەری پێشووی ئەوا سزای قورستری بەسەردا دەسەپێندرێت.

پاوڵ ڤان تیگچڵیت، وەزیری دادی بەلجیکا، کە سەرۆکایەتی کۆنسەی ئەورووپا دەکات، لەمبارەیەوە وتی: “توندوتیژیی دژی ژنان و توندوتیژیی خێزانیی تاوانێکی بەردەوامن، ئەم یاسایە دڵنیایی دەدات لەوەی تاوانباران لەلایەن یەکێتی ئەورووپاوە بە توندی سزا دەدرێن و پشتیوانی پێویست پێشکەش بە قوربانییەکان دەکرێت.”

ب.گ

Comments are closed.