عێراق لەسەر بابەتی ئاسایش لەگەڵ ئەمریکا گفتوگۆ دەکات

شەممە, 18 ينا 2020 – 15:24  ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان

لە کاتێکدا ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیاریداوە هێزە بیانییەکان لە عێراق دەربکرێن، ئەمڕۆ وتەبێژی هێزە سەربازییەکانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ “ئاڕ تی ڕوسیا”، ئاشکرایکردووە کە ئەمریکا و عێراق لەسەر پەیوەندییە ئەمنییەکان خەریکی گفتوگۆن.

عەبدولکەریم خەڵەف ڕایگەیاند: “عێراق لە زەمینەی پەیوەندییە ئەمنییەکان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا خەریکی گفتوگۆیە و پێشنیار کراوە کە ڕێز لە سەروەری عێراق بگیرێت و ئەم گفتوگۆیانە هێشتاش بەردەوامە”.

لەلایەکی دیکەوە بەگوێرەی ماڵپەڕی مێهری ئێرانی کە پشتی بەستووە بە سەرچاوەیەکی سیاسی، لە دوو ڕۆژی ڕابردوو شاندێکی سەربازی – سیاسی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم و مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێم کۆبوونەتەوە و باسی کردنەوەی چوار بنکەی سەربازی ئەمریکایان لە هەرێمی کوردستانیان کردووە.

بە گوێرەی زانیاریی ماڵپەڕەکە جگە لە دامەزراندنی ئەو بنکانە، بەهێزکردنی پەیوەندییە دیپلۆماتییەکان، هاوکاری سیاسی و ئابوورییەکان و کردنەوەی گەورەترین کۆنسوڵگەری ئەمریکا لە هەولێر ئەو تەوەرانە بوون کە لەو کۆبوونەوانە باسیان لەسەر کراوە.

ک.س

Leave A Reply