چوؤرشەممە, 15 مار 2017 – 12:20
ڕۆژنیوز – مەریوان
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، هاوڵاتیانی شارەدێی (سەرشیو)ی سەر بە شاری مەریوان، لە بەردەم شارەوانی شاری مەریوان، خۆپیشاندانێکیان ئەنجام دا و ناڕەزاییان دەربڕی لەدژی کەڵەکە کردن و سووتاندنی زبڵەکانی شاری مەریوان.
ئەو هاوڵاتیانە کە زۆربەیان خەڵکی گوندەکانی گومارەلنگ، ناسێر، دۆیسە، چنارە، گلە و کانی کوزەڵە بوون، ئەمڕۆ لەبەردەم شارەوانی شاری مەریوان گردبوونەوە و داوایان لە سەرۆکی شارەوانی مەریوان کرد کێشەی کەڵەکەبوونی زبڵەکان لەناو شاری مەریوان و ناوچەکانی دەوروبەری چارەسەر بکرێت.
خۆپیشاندەران ڕایانگەیاند، کە سووتاندنی زبڵەکان چارەسەر نییە بۆ کێشەی زبڵی شارەکە، بەڵکو زیاتر کەشوهەوای شارەکە پیس دەکات و پێویستە بۆ ڕیسایکڵ کردنی ئەو زبڵانە بیر لە ڕێگاچارەسەرەیەکی زانستی بکرێتەوە.
ئەو هاوڵاتیانە کە زۆربەیان خەڵکی گوندن و لەڕێگای کشتوکاڵەوە دەژین وتوویانە، کە چیاکان و دارستانەکانی دوروبەری مەریوان گرنگترین سەرچاوەی ژیان و داهاتی خەڵکی ناوچەکەن و هەمووان کەڵکی لێوەردەگرن، بۆیە پێمانوایە دەبێت نیگەرانی پیسبوون و لەدەستچوونی بین و داواش لە هەموو ڕێکخراوە ژینگە پارێزەکان دەکەین لە کاری پاراستنی ژینگەکەماندا چالاکتر بن.
د.خ