هەڵەبجە، پێنج هەزار نەمام نێژرا

چوؤرشەممە, 15 مار 2017 – 13:52 

ڕۆژنیوز – جیهاد هەورامی

لەژێر دروشمی “بەتەنیا جێت ناهێڵین، پێنج هەزار نەمام دەچێنین” وەزارەتی ژینگەی هەرێم و ڕێكخراوی خاوێن دۆستی ژینگە، هەڵمەتێكی ناشتنی پێنج هەزار نەمامیان بە ناوی پێنج هەزار شەهیدی تاوانی كیمیابارانی هەڵەبجە ئەنجامدا.

ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی وەزیری هەرێم بۆ كاروباری ژینگە و پارێزگار و قائیمقام و سەرۆكی شارەوانی و چەند بەرپرسێكی حكومی و حزبی هەڵەبجە، لەدەروازەی شارەکە، لە چالاكیەكی هاوبەشدا بۆ یادی تاوانی كیمیابارانی هەڵەبجە، پێنج هەزار نەمام نێژرا.

پێش دەستپێكردنی نەمام ناشتنەكە لە كۆنفڕانسێكی رۆژنامەنووسیدا سەرەتا عەبدولڕەحمان محەمەد، وەزیری هەرێم بۆ كاروباری ژینگە ڕایگەیاند:”بەبۆنەی نزیك بونەوە لە یادی ٢٩ ساڵەی تاوانی كیمیابارانی هەڵەبجە بەباشمانزانی بەهاوبەشی لەگەڵ ڕێكخراوی خاوێن دۆستی ژینگە هەڵمەتێكی سەوزكردنی دەروازەی شار ئەنجام بدەین، كە بە ناشتنی پێنج هەزار نەمام بەناوی پێنج هەزار شەهیدی ئەو تاوانە بێت و هەر لەم مانگەدا كە نزیك دەبینەوە لە وەرزی بەهاریش چەندین هەڵمەتی تری ژینگەییەمان لەسەرتاسەری هەرێمی كوردستان دەبێت و زیاتر گرنگی بەپاراستنی ژینگە و سەوزكردنی دەدەین”.

عەبدوڕەحمان محەمەد، وتیشی:”جیاواز لەم هەڵمەتی نەمام ناشتنە هەماهەنگییەکی باشمان لەگەڵ پارێزگاری هەڵەبجە كردووە بۆ كردنەوەی فەرمانگەی ژینگە كە لەڕێگەی ئەم فەرمانگەیەوە دەتوانین خزمەتی باشتر بكەین و دەبێتە دەروازەیەك بۆ پرسەكانی ژینگە لە شارەكەدا، بەردەوامیش دەبین بە خزمەتكردنی ئەم شارە لە ڕووی ژینگەییەوە بۆ ئەوەی ئاسەواری ئەو چەكە كیمیاییە كە ئێستاش ماوە كەمبكەینەوەو بە یەكجاری بنەبڕی بكەین لە ڕێگەی سەوزكردن و گرنگی دان بە پاراستنی ژینگە”.

دواتر عەلی عوسمان، پارێزگاری هەڵەبجە بەوەكالەت ئەوەی ڕاگەیاند:”خەمی ئێمەی هەڵەبجەیی تەنها ئاوەدان كردنەوە نییە، بەڵكو پێویستە لە ڕووی ژینگەییشەوە ئەم شارە ئاوەدان بكەینەوە، دەكرێت لەڕێگەی فشارەكانی ڕێكخراوە ژینگەییەكانیشەوە كار بۆ بەجینۆسایدناساندنی كەیسی تاوانی كیمیابارانی هەڵەبجە بكەین، بەوپێیەی نە حكومەتی عێراقی و نەحكومەتی هەرێم ئەندام نین لەدادگای باڵای تاوانەكانی لاهای”.

عەلی عوسمان، وتیشی:”لەماوەی هەشت مانگی ڕابردوودا بە هەوڵی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرۆكایەتی شارەوانی هەڵەبجە و ڕێكخراوە ژینگەییەكانی هەڵەبجە و سلێمانی و چەندین دەزگای تر، جووت سایدی دەروازەی شاری هەڵەبجە سەوز بكەین و بەناشتنی نەمام سیمایەكی جوان بە دەروازەی شار بگەیەنین، بۆیە لێرەشەوە دەستخۆشی لە وەزارەتی ژینگە و ڕێكخراوی خاوێن دۆستی ژینگەش دەكەین كە ئەم چالاكیەیان ئەنجام دا”.

پاشان كوێستان ئەكرەم، سەرۆكی شارەوانی هەڵەبجە لە كۆنگرە ڕۆژنامەنووسیەكەدا وتی:”لەماوەی چەند مانگی ڕابردوو هەوڵی زۆر دراوە بۆ سەوزكردنی ناوشار و دەرەوەی شاری هەڵەبجە و ڕێژەیەكی زۆر لەنەمام لەلایەن چەند ڕێكخراو و دامەدەزگایەك ناشتوویانە، بۆیە پێویستە هەموولایەك بە ئەركی سەرشانی خۆمانی بزانین لە پاراستن و لەناو نەچوونیان، ئێمەش وەك شارەوانی هەوڵی پاراستنیان لە فەوتان دەدەین و پڕۆژەی ئاودێریان بۆ ئەنجام دەدەین”.

(كوێستان ئەكرەم)

دواتر دەست كرا بەناشتنی نەمامەكان لە دەروازەی شار و بەم پڕۆژەیەش تەواوی جوت سایدی نێوان هەڵەبجە و سیروان سەوز كرا.

س.ح

Leave A Reply