لە یادی خاپورکردنیدا هەڵمەتێکی نەمام ناشتن لە سەیدساق بەڕێوەچوو

پێنجشەممە, 23 مار 2017 – 13:40 

ڕۆژنیوز – هاوکار مستەفا

بەبۆنەی تێپەڕبوونی ٢٩ ساڵ بەسەر خاپورکردنی شارۆچکەی سەیدسادقە لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە، نزیکەی هەزار نەمام بە دروشمی”داهاتووی نوێ‌ بۆ ئێوەیە گەنجانی سەیدسادق” چێندران.

پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، بە بەشداری نوێنەری لایەنە سیاسیەکان و چالاکوانان هەڵمەتێکی نەمام ناشتن لە شارۆچکەی سەیدسادق بەڕێوەچوو.

هەڵمەتی نەمام ناشتنەکە بەچاودێری وەزیری هەرێم بۆ کاروباری ژینگە و سەرۆکایەتی شارەوانی سەیدسادق و ڕێکخراوی خاوێن دۆستی ژینگە ئەنجامدرا کە نزیکەی هەزار نەمام لە چەند شوێنێکی جیاوازی سەیدسادق بەڕێوەچوو.

دوابەدوای ناشتنی نەمامەکان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا، نەبەرد حسێن، سەرۆکی شارەوانی شارۆچکەی سەیدسادق ڕایگەیاند: ئەم هەڵمەتە وەڵامێک بۆ ئەو دەستەی، کە ویستی شارۆچکەی سەیدسادق لەسەر نەخشە بسڕێتەوە، بەڵام ئێمە بەم کارەی ئەمڕۆمان پەیامی ئاوەدانی دەگەیەنین.

نەبەرد حسێن

نەبەرد حسێن، وتیشی: لە هەوڵەکانمان بەردەوام دەبین بۆ زیاتر گەشەسەندن و سەوزکردنی شارۆچکەکەمان ئەوەش بەهاوکاری هەموو ئەو کەس و ڕێکخراوانەی، کە هەمیشە هاوکاری ئاوەدانکردنەوەی شارۆچکەی سەیدسادق بوون، هەروەها بەڵێنیشیان پێداوین، کە لەداهاتووشدا چەند پرۆژەیەکی خزمەتگوزاری بۆ شارۆچکەکەمان ئەنجام بدەن، وەک دروستکردنی باخچەیەک لەگەڕەکی شەهیدان کە بڕی ٨٠ ملیۆن دیناری تێدەچێت کە ئەمەش هۆکارێکی باش دەبێت بۆ زیاتر کردنی ڕێژەی سەوزایی سەیدسادق.

هەر لەو کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەدا شوان جاف، سەرۆکی ڕێکخراوی خاوێن دۆستی ژینگە وتی: وەک ڕێکخراوەکەمان بەئەرکی سەرشانی خۆمان زانی، کە لە یادێکی مەرگەساتیدا ئاوڕ لە ژینگەی سەیدسادق بدەینەوە، چونکە ژینگەی ئەم شارۆچکەیەش وەک ژینگەی زۆربەی شارەکانی کوردستان لەسەر دەستی ڕژێمی لەناوچووی بەعس بەرهەڵمەتی خراپ بوون لەناوچوون کەوتووە.

شوان جاف

شوان جاف، ئاماژەی بەوەشکرد: لە هەڵمەتەکەی ئەمڕۆماندا نزیکەی هەزار نەمام لە چەند شوێنێکی جیاوازی شارۆچکەی سەیدسادق دەنێژین و ئەگەر ئەمڕۆش فریا نەکەوین ئەوا سبەینێش درێژە بە هەڵمەتەکەمان دەدەین، هەروەها لەبەرنامەماندا هەیە کە چەند پرۆژەیەکی ژینگەیی دیکەش بۆ ئەم شارۆچکەیە جێبەجێ‌ بکەین ئەوەش لەپێناو فەراهەمکردنی ژینگەیەکی لەبار بۆ دانیشتوانەکەی.

ئەمڕۆ ٢٣/٣/٢٠١٧ هاوکاتە لەگەڵ تێپەڕبوونی ٢٩ ساڵ بەسەر خاپورکردنی شارۆچکی سەیدسادق و ڕاگواستنی دانیشتوانەکەی بۆ ئۆردوگا زۆرە ملێکان لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە ئەوەش بە بەکار هێنانی چەند بۆمبێکی ناپاڵم، کە بووە هۆی شەهید بوونی سەدان هاوڵاتی بێتاوانی شارۆچکەکە.

جێگای باسە ئەم هەڵمەتە لە ١٦/٣ەوە دەستیپێکردووە و لە هەڵمەتەکەدا پێنج هەزار نەمام دەچێنرێن، لەو پێنج هەزارە ئەمڕۆ نزیکەی هەزار نەمام لە شارۆچکەی سەیدساق دەچێنن.

ش.ف

Leave A Reply