هۆشداری دەدرێت لەبارەی پیسبوونی ژینگەی چەمچەماڵەوە

شەممە, 21 ينا 2017 – 09:56 

ڕۆژنیوز – ئاشتی ئەحمەد

لە ئێستادا خۆڵ‌ و خاشاكی شارۆچکەی چەمچەماڵ-ی سەربە پارێزگای سلێمانی، بەشێوەیەكی نازانستی فڕێدەدرێت، ئەوەش كاریگەری كردوەتە سەر پیسبوونی ژینگەی ناوچەكە، بۆیە هۆشداری بە لایەنە پویەوەندی دارەکان دەدرێت.

بۆ پاکڕاگرتنی ژینگەی ناوچەکە، شارەزایان پێشنیار دەدەنە حکومەت و داواش دەکەن کە، بەزوترین كات كارگەی ڕیسایكلین دابنرێت بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی زانستی خۆڵ‌ و خاشەكەكەی فڕێبدرێت.

هەڵەت ڕەشید عەبدوڵا، هەڵگری بڕوانامەی دكتۆرا لە جوگرافیای سروشتی‌ و مامۆستا لە زانكۆی چەرموو، بۆ ڕۆژنیوز دواو وتی:” پێویستە خۆڵ‌ و خاشاك بە شێوازێكی زانستیانە فڕێبدرێت، واتا ڕیسایكلین بكرێت، بۆ جیاكردنەوەی خاشاکەکان لە یەكتری‌ و جارێكی دیكە دروستکردنەوەی شتی نوێ لێی، بەڵام ئەگەر شتەکان نەگەیشتە ئەو ئاستە كە موادی نوێی لێ بەرهەم بهێنرێت، ئەوا بەشێوەیەكی زانستی دەخرێتە ژێرخاكەوە لە ناوچەیەك، كە مەترسی بۆ ئاوی ژێرزەوی‌ و كشتوكاڵی ئەو ناوچەیە نەبێت”.

وتیشی:” خراپترین شێواز ئەوەیە خۆڵ‌ و خاشاك لە شوێنێك كۆبكەیتەوەو بسوتێنرێت، ئەوەش دەبێتە هۆی پیسبوونی ژینگەی ناوچەكە، كاریگەریش دەكاتە سەر بەروبوومی كشتوكاڵی‌ و باڵندە كێوییەكان، ئەگەر ڕۆژانە لەچەمچەماڵ ٥٠ تۆن خۆڵ‌ و خاشاك فڕێبدرێت، هەرتۆنێك ١٢٠ مەتر گازی سێجا دوان ئۆكسیدی كاربۆن یاخود گازی ژەهراوی فڕێ دەداتە هەواوە، ئەوەش ژینگە و سروشتی ناوچەكە پیس دەكات، بەتایبەت ئەو شوێنانەی دوكەڵەكە دەیگرێتەوە”.

ئاماژەی بەوەشکرد:” لە پەرلەمانی هەرێمی كوردستان سوتاندنی پاشماوەكانی خۆڵ‌ و خاشاكی لەساڵی ٢٠٠٨ بە یاسا قەدەغەكردووە، بۆیە ئەو شێوازی سوتاندنە نایاساییە لەهەرێمی كوردستان ئەنجام دەدرێت، لەبەرئەوە دەكرێت ڕێگە لەسوتاندنەكەی بگیرێت ئەگەر ریسایكلینیشی بۆ ناكرێت بەشێوەیەكی زانستی ژێرخاك بكرێت”.

بۆ ڕێگرتن لەپیسبوونی ژینگەی شارەكە، دكتۆر هەڵەت ڕەشید، باسی لەوەكرد، دەبێت جۆرە دارێك لێبدرێت لەگەڵ سروشتی ناوچەكە گونجاوبێت بەتایبەت داری گەڵاوەریو، هەروەها بەگوێرەی ستانداردی جیهانی لە ٢٥%ی ڕووبەری شارۆچكەكە سەوزپۆشبكرێت، كە هیچیان نەكراوە تا ئێستا.

دەربارەی كاركردن بۆ ڕیسایكلین لە شارۆچكەی چەمچەماڵ، ئارام نەجات سەرۆكی شارەوانی چەمچەماڵ بە ڕۆژنیوزی وت:” لە ساڵی ڕابردوودا پرۆژەی خۆڵ‌ و خاشاكی چەمچەماڵ بڕیاری لێدرا بدرێت بە كۆمپانیایەكی كەرتی تایبەت، لە ئێستاشدا چاوەڕوانین وەزارەتی شارەوانی گرێبەست لەگەڵ ئەو كۆمپانیایە بكات كە تەندەرەكەی بۆ دەرچووە، هیواداریشین بەزوترین كات ئەو گرێبەستە بكرێت‌ و ناوچەكە لە بوونی خۆڵ‌ و خاشاك نەجات بدرێت، لە بەرئەوەی لە دوای دەستبەكاربوونی ئەو كۆمپانیایە كارگەی ڕیسایكلین دادەنرێت‌ و خۆڵ‌ و خاشاكەكە بەشێوەیەكی زانستی‌ و تەندروست فڕێدەدرێت، فڕێدراوەکانیش لێك جیادەكرێتەوە بۆ ئەوەی جارێكی دیكە بەكاربهێنرێتەوە”.

سەبارەت بە شێوازی فڕێدانی خوڵ‌ و خاشاكی ئێستای شارۆچكەكە، سەرۆكی شارەوانی چەمچەماڵ وتی:” لەڕاستیدا بەشێوەیەكی نازانستی فڕیێدەدەین، هۆكارەكەیشی ئەوەیە ستاف‌ و ئالەت و بودجەی پێویستمان لە بەردەستدانییە، تا بەشێوەیەكی زانستی ئەو خۆڵ‌ و خاشاكە فڕێبدەین، بەڵام لەگەڵ دەستبەكاربوونی ئەو كۆمپانیایە دەتوانین بەشێوەیەكی زانستی ئەو خۆڵ‌ و خاشاكە فڕێبدەین”.

ئارام نەجات سەرۆكی شارەوانی چەمچەماڵ ئەوەیشی خستەڕوو، كە قەیران كاریگەری كردوەتەسەریان تەنانەت ئەو بودجەیەی بۆیان تەرخانكراوە بەشی سوتەمەنی ئەو ئۆتۆمبێلانەش ناكات دەچنە گەڕەكەكانەوە، ئەوەش هۆكارە كەمتر ئۆتۆمبێل بنێردرێتە گەڕەكەكانەوە، بەو هۆیەشەوە خۆڵ‌ و خاشاكی زیاتر لە گەڕەكەكان كۆدەبێتەوە.

لە ئێستادا بەهۆی قەیرانەكەوە وەزیری شارەوانی هەرێم بڕیاریداوە بەرامبەر كۆكردنەوەی خۆڵ‌ و خاشاكی نێو گەڕەكەكان بڕی ٣ بۆ ٥ هەزار لەماڵان وەربگیرێت، سەرۆكی شارەوانی چەمچەماڵیش دەڵێت:” هۆكاری دەرچوونی ئەو بڕیارە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ئەو شوێنانەی كۆمپانیا پاكی دەكاتەوە حكومەت وەك پێویست پارەی نییە پارەی ئەو كۆمپانیایانە بدات، بۆئەوەی ئەو كەرتەگرنگە كە ڕاستەخۆ پەیوەندی بەژیانی خەڵكییەوە هەیە پەكی نەكەوێت، ئەوە بەچارەسەردانراوە هاوڵاتی بەشێكی ئەو ئەرکە لە سەرشانی خۆی هەڵبگرێت‌ و بەشێك لەپارەكە لەلایەن هاولاتییەوە وەربگیرێت”.

لایخۆیشێوە مەعروف مەجید سەرۆكی ڕێكخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە بە ڕۆژنیوزی وت:” بەهۆی بوونی وشكە ساڵی‌ و كەمتەرخەمی هاوڵاتیان‌ و حكومەتەوە ژینگەی چەمچەماڵ ژینگەیەكی تەندروست نییە، لەماوەی ٢٥ ساڵ حكومڕانی نەتوانراوە گوندەكان وەك پێویست ئاوەدان بکرێتەوە، كە چۆڵبوون لەگەڵ نەمانی كانی‌ و ئاوەكان، لەساڵانی ڕابردوودا تا ئێستاش بەهۆی نەبوونی سوتەمەنی پێویستەوە هاوڵاتیان پەنایانبردوەتەوە بەر بڕینەوەی درەختەكان، هەروەها نەبوونی ڕیسایكلین ئەوەش هۆكارێكی دیكەیە بۆ پیسبوونی ژینگەی سنورەكە، ئەوەندەی ئێمە ئاگاداربین ڕۆژانە لەساڵانی ڕابردوودا ٥٥ بۆ ٦٠ تۆن خۆڵ و خاشاک لەشارۆچكەكەدا فڕێدراوە، ئەویش بەشێوەیەكی نازانستی”.

سەرۆكی ڕێكخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە ئاماژەی بەوەشكرد، هەندێك لە هاوڵاتیان لەناو ئەو خۆڵ‌ و خاشاكە كاریان كردووە بۆ بژێوی ژیانیان بەهۆی ئەوەی هۆشیاری تەندروستیان نەبووە، ئاگاداری ئەوە نەبوون كە ئەو كارە كاریگەری خراپی لەسەر تەندروستیان دەبێت، بۆیە پێویستە بوونی كارگەی ڕیسایكلین لەسنورەكەدا هەبێت.

س.ح

Leave A Reply