ژینگە: ئەو پارەیەی هاتوچۆ بە ناوی ئێمەوە وەریدەگرێت نەهاتۆتە سندوقی ژینگەوە

یەكشەممە, 29 ينا 2017 – 13:09 

ڕۆژنیوز – دانا عومەر

فەرمانگەی ژینگەی سلێمانی ئاماری شەش مانگی ساڵی ڕابردوی بڵاوكردەوە، و ڕاشیانگەیاند كە هیچ پارەیەك لە داهاتی هاتوچۆی سلێمانی كە بە ناوی ئەوانەوە وەردەگیرێت نەهاتوەتە ناو سندوقی ژینگەوە.

پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لەشاری سلێمانی، لەناو بینای فەرمانگەی ژینگەی سلێمانی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیدا ئامارەكە ڕاگەیەندرا.

ئامارەكە لەلایەن ئامینە عەلی لێپرسراوی ڕاگەیاندنی فەرمانگەی ژینگەوە خوێَندرایەوە كەتێیدا هاتبوو فەرمانگەی ژینگە لە شەش مانگی كۆتایی ساڵی ڕابردودا، بڕی 10 ملیۆن و 250 هەزار دینار سزای دارایی ئەو كەسانەیان داوە كە پێشێلكاری ڕێنماییە ژینگەیەكانیان كردووە، 435 دەرچونیان هەبووە، بۆ پشكنین و چاودێریكردن، 259 تێستی ئاوی سەرزەوی و ژێر زەویان كردووە، هەروەها (3054) پشكنینی فیزیایی و كیمیایی و بایلۆجی لەو فەرمانگەیەدا كراوە.

لە درێژەی ئامارەكەدا هاتبوو كە ئەوان ڕەزامەندیان داوە لەسەر دامەزراندنی (87) پڕۆژەی گەورەو مامناوەندو بچوك، هەروەها رێگەیان بە هەڵكەندنی 13 بیری جۆراوجۆر داوە، مۆڵەتی ڕاوكردنیشیان داوەتە 67 كەس.

لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووساندا دیار شێخ غەریب بەڕێوبەری فەرمانگەی ژینگە ڕایگەیاند، هیچ بڕە پارەیەك لەو ڕسوماتەی تۆمار و گواستنەوەی خاوەنداری ئۆتۆمبێل لە بەڕێوبەرایەتی هاتوچۆ بە ناوی ژینگەوە وەردەگیرێت نەدراوە بەوان، هەروەها ڕایگەیاند كە ئەوان بەدواداچونیان بۆ ئەو بابەتە كردووە، بەڵام نەگەشتوەنەتە ئەنجام.

دیار شێخ غەریب باسی لەوەشکرد:” ئێمە ڕێگەمان بەدانانی ئەو بورجانەی کۆمپانیاکانی پەیوەندی نەداوە كە لەگەڵ ڕێنمایەكانی ئێمەدا ناگونجێت، لەڕاستیدا ئێمە تا ئێستا هیچ توێژینەوەیەكی یەكلاكەرەوەمان لانیە كە بیسەلمێنن بورجەكان زیانیان بۆ تەندروستی مرۆڤ هەیە”.

س.ح

Leave A Reply