كەمپەینی “با باڵندەكان جێمان نەهێڵن” لەهەڵەبجە ڕاگەیەنرا

شەممە, 4 فبر 2017 – 10:28 

ڕۆژنیوز – جیهاد هەورامی

بە مەبەستی كۆكردنەوەی دانەوێڵە بۆ باڵندەكان، چەند ڕێكحراوێكی ژینگەپارێزی هەڵەبجە كەمەپینی “با باڵندەكان جێمان نەهێڵن”-یان ڕاگەیاندو یەكێك لە ئەندامانی كەمپەینەكەش دەڵێت: ئامانجمان لەڕاگەیاندنی ئەم كەمپەینە بۆ كۆكردنەوەو بردنی دانەوێڵەو خۆراكە بۆباڵندە كێویەكانە، كە بەهۆی داپۆشینی كێوەكان بە بەفر هیچ خۆراكێكیان بۆ خواردن دەست ناكەوێت.

ساڵانە لەم كاتەدا بەهۆی بارین و داپۆشینی شاخەكان بە بەفر، بە تایبەت لە هەورامان و بەرزاییەكانی هەڵەبجە، باڵندەكان هیچ جۆرە خواردنێكیان لەبەردەست نابێت و ڕێكخراوەكانی ژینگەپارێزیش دەستدەكەن بە كۆكردنەوەی دانەویڵە و خۆراكی پێویست بۆیان و پاشان بردنی بۆ سەر شاخەكان، بۆ ئەوەی لەچەندین شوێن هەڵی ڕێژن بۆ باڵندەكان و لە نەمان بیانپارێزن.

هەورامان سەجادی، چالاكوانی ژینگەپارێز و یەكێك لەئەندامانی كەمپەینەكە بۆ ڕۆژنیوز دواو وتی:”وەك ئەركێكی مرۆڤایەتی و ڕێكخراوەیی سەرشانمان بە باشمانزانی لەم وەرزی بەفر بارین و سەرماو سۆڵەوە لەگەڵ چەند ڕێكخراوێكی ژینگەپارێز كەمپەینێك ڕابگەیەنین بۆ كۆكردنەوەی دانەوێڵەو خۆراك بۆ باڵندە كێویەكان كە ئێستا بەهۆی داپۆشینی شاخەكان بە بەفر هیچ جۆرە خۆراكێكیان لەبەر دەستنییە، بەهۆیەوە توشی لەناو چوون دەبن و ئێمەش كەمپینەكەمان ناونا “با باڵندەكان جێمان نەهێڵن”.

هەورامان سەجادی وتیشی:”ئەم كەمپینەی ئێمە تاكۆتایی ئەم هەفتە بەردەوام دەبێت و داوا لەسەرجەم هاوڵاتیان دەكەین بەپێی توانای خۆیان دانەوێڵە و خۆراكی پێویست بۆ باڵندە كێویەكان ئامادە بكەن و ڕادەستی كەمپەینەكەمانی بكەن و بۆ ئەوەی ئێمەش لەكۆتایی ئەم هەفتەیەدا بتوانین بیبەین بۆ سەر شاخەكان بۆ باڵندەكان كە زیاتر سنوری شاخەكانی هەورامان و شنروێ‌ و بۆین و سازان دەگرێتەوە”.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا:”بەپلەی یەكەم ئەركی حكومەت و لایەنی پەیوەندیدارە كە ئەم چالاكیە ئەنجام بدات و پارێزگاری لە لەناوچونی ئەو باڵندانە بكات، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا نە حكومەت و نە لایەنی پەیوەندیداریش هیچ خەمێكیان لێ‌ نەخواردوە، بۆیە ئێمە وەك ئەركێكی مرۆڤایەتی و ڕێكخراوەیی خۆمان بەم كارە هەستاوین و خۆشبەختانەش بەدەمەوەهاتنێكی باشیشمان لێ‌ كراوە، پێشئەوەی كەمپینەكەش ڕابگەیەنین ڕێكخراوە ژینگەپارێزەكانی چەمچەماڵیش هاوهەڵوێستی ئێمە بوون و پێدەچێت ئەوانیش هاوشێوەی ئەم كەمپینەی ئێمە ئەنجام بدەن”.

كەمپینی “با باڵندەكان جێمان نەهێڵن”، لەلایەن چەند گەنجێكی چالاكوان و ڕێكخراوە ژینگەپارێزەرەكانی هەڵەبجە دامەزراون.

Leave A Reply