یەكەم چالاكی کەمپەینی “با باڵندەكان جێمان نەهێڵن” ئەنجام درا

دووشەممە, 20 فبر 2017 – 13:03 

ڕۆژنیوز – هاوكار مستەفا

دوای ئەوەی لەسەرەتای ئەم مانگەوە و بەمەبەستی كۆكردنەوەی دانەوێڵە بۆ باڵندەكان و پاراستنیان لەمەترسی لەناوچوون چەند ڕێكحراوێكی ژینگە پارێزی هەڵەبجە كەمەپینی “با باڵندەكان جێمان نەهێڵن”-یان ڕاگەیاند، ئەمڕۆ لە سنوری شارەدێی خورماڵ یەكەم چالاكی خۆیان ئەنجامدا.

بەهۆی بەردەوامی نزبونەوەی پلەكانی گەرماو بارینی ڕێژیەكی زۆر لە بەفر لە ناوچە شاخاوییەكانی سنوری هەورامانی سەربە پارێزگای هەڵەبجە، وەك خەمخۆرییان بۆ پاراستنی ژینگەو سروشتی ناوچەكەو بە كەلتوركردنی پاراستنتنی باڵندە كێویەكان، ڕێكخراوە ژینگەییەكان ساڵانە لەم وەرزەدا چالاكی ئەنجام دەدەن.

نەوشیروان محەمەد، ئەندامی گروپی شەقامی هەڵەبجە و بەشدار لە چالاكیەكە بە ڕۆژنیوزی وت: دوای ئەوەی لە چەند ڕۆژی رابردودا وەك كۆمەڵێك ڕێكخراو و چالاكوانی بواری ژینگە كەمپەینێكمان ڕاگەیاند بۆ كۆكردنەوەی دانەویڵە بۆ باڵندە كێویەكان، خۆشبەختانە لە ناو هەڵەبجەو شارەدێی خورماڵ توانیمان زیاتر لە ٦٠٠ كیلۆ دانەویڵە كۆبكەینەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد: لە یەكەم چالاكی دوای ڕاگەیاندنی كەمپینەكە هەر ئەمڕۆ لە سنوری گوندی ئەحمەد ئاوا و چەند گوندێكی ناوچەی هەورامان دەستمانكرد بە ڕۆكردنی بەشێك لەو دانەوێڵەیەی كە لەماوەی ئەم چەند ڕۆژەدا كۆمان كردبویەوە، ئەوەش بەمەبەستی پاراستنی ژینگەو سروشتی ناوچەكەو دروستكردنی هەستی خۆش ویستنی ژینگە لای هاوڵاتیان، كە ئەوە مەبەستی سەرەكیمانە لەم چالاكییە.

ئەو بەشدار بووەی چالاكییە ژینگەییەكەی ئەمڕۆ ئەوەشی باسكرد، ئەم هەڵمەتەمان لە ڕۆژانی داهاتوشدا بەردەوامی دەبێت، لە دوای ناوچەی هەورامان، لە هەریەكە لە شاخی شنروێ‌ و ناوچەی سازان لە سنوری هەڵەبجە بەهەمان شێوە دانەویڵە بۆ باڵندەكان ڕۆدەكەین، بەتایبەت ناوچە دوورە دەستەكان، بۆ ئەوەی ئەو باڵندانە ناچار نەبن بێنە خوارەوەو لەلایەن كەسانی نابەرپرسەوە ڕاوبكرێن.

س.ح

Leave A Reply