جەبار یاوەر: ساڵی ڕابردوو تورکیا ٦٥٠ جار سنووری خاکی عێراقی پێشێلکردووە

سلێمانی

ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە ڕایدەگەیەنێت، ساڵی ڕابردوو لە ڕێگەی ئاسمانی و زەمینییەوە، زیاتر لە ٦٥٠جار سنوری خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە پێشلکراوە.

جەبار یاوەر، ئەمینداری پێشوی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بارەی دەستدرێژییەکانی دەوڵەتی تورک بۆسەر خاکی هەریمی کوردستان و عێراق بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، رۆژانە خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان لەلایەن وڵاتانی دراوسێ و تورکیا بە تایبەتی سنوور دەبەزێندرێت و بۆمباران دەکرێت.

جەبار یاوەر وتیشی: لە ساڵی ڕابردوودا لە ڕێگای ئاسمانی و زەمینی زیاتر لە ٦٥٠جار خاکی عێراق لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە پێشێلکراوە و تۆپباران کراوە، هەروەها ٣٩جار خاکی عیراق لەلایەن دەوڵەتی ئێرانەوە پێشێلکراوە، پێویستە حکومەتی عیراق پارێزگاری لە خاکەکەی بکات.

یاوەر بە ئەرکی حکومەتی عێراقی دەزانێت بێدەنگ نەبێت لە ئاست هێرش و تۆپبارانەکانی دراوسێکانی بۆ سەر وڵاتەکەی و وتی: دەبێت عیراق لەسەر پێشێلکردنی خاکەکەی سکاڵا لە دادگای نێودەوڵەتی تۆمار بکات یاخود لە رێگای هێزەوە ئاسمان و زەمینی وڵاتەکەی بەپارێزێت چیتر پێشێل نەکرێت.

ها-ع

Comments are closed.