“ڕاگرتنی شەڕ لەلایەن کەجەکە دەیسەلمێنێت کورد ئارەزووی ئاشتی دەکات، نەک شەڕ”

سۆران

یاساناسان و چاودێرانی سیاسی سۆران ستایشی کەجەکە دەکەن لەبارەی ڕاگرتنی شەڕ لەگەڵ دەوڵەتی تورک بەهۆی ڕوودانی بومەلەرزەکەی ڕۆژی ٦ی مانگی ڕابردوو، لەهەمانکاتیشدا ڕەخنە لە دەوڵەتی داگیرکەرى تورک دەگرن، کە بەدەم ئەم بانگەوازەی کەجەکەوە نەهاتووە و درێژە بە بۆردومان و هێرشەکانی دەدات لە دژی گەریلاکانی ئازادی و گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان.

دوای ئەوەی لە ٦ى شوبات چەند بومەلەرزەیەک چەند ناوچەیەکی باکور و ڕۆژئاوای کوردستان و چەند شوێنێکى دیکەى تورکیا و سوریاى هەژاند و بەهۆیەوە هەزاران کەس گیانیان لەدەستدا و سەدانی دیکەش برینداربوون، کۆما جڤاکێن کوردستان- کەجەکە بڕیاری ڕاگرتنى شەڕى دژى دەوڵەتى تورک دا .

هەڵوێستەکەی کەجەکە خۆشحاڵی گەلی کوردی بەدوای خۆیدا هێنا و سەرجەم توێژە جیاوازەکانی کوردستان دەستخۆشی لەو هەڵوێستەی کەجەکە دەکەن و دەڵێن، هەڵوێستێکی پڕ لە مرۆڤایەتیە و ڕەخنەش لەوە دەگرن، دەوڵەتى تورک شەڕى ڕانەگرتووە.

زانیار حەسەن

لەوبارەوە، زانیار حەسەن، کە شارەزایەکى یاساییە و لەبارەی هەوڵی کەجەکە بۆ ڕاگرتنی شەڕ وتی: ڕاگرتنی شەر لەلایەن کەجەکە بۆ نەهێشتنی شەڕ و ناکۆکیە لەنێوان کورد و گەلانی تورک و دەرخەری ئەوەیە، کە کورد ئارەزووی لە ئاشتییە نەک شەڕ.

وتیشی : ئێمە نیگەرانین، کە دەوڵەتی تورک بەدەم ئەم بانگەوازەی کەجەکەوە نایەت و سوود لەو دەرفەتە وەرناگرێت و ئەوەش سەلمێنەری ئەو ڕاستیەیە، کە دەوڵەتى تورک هەمیشە دژی نەتەوەی کوردە و بە درێژایی مێژوو زوڵمی لە گەلی کورد کردووە، بەڵام دەبێت تورکیا ئەوە بزانێت، کە کورد بە دوژمنکاری ئەوان و گەلانی تریش لەبن نایەت و ڕۆژ بە ڕۆژ کێشەی کورد لە ئاستی نێودەوڵەتی گەورەتر دەبێت .

هەروەها، بێستون نەجم، کە چاودێری سیاسییە بە ڕۆژنیوزى وت: بومەلەرزەکانی باکور و ڕۆژئاوای کوردستان دڵی هەموو جیهانی هەژاند و ئاگربەستی کەجەکەش دەچێتە چوارچێوەی هەڵوێستێکی مرۆڤدۆستانە و دەبێت تورکیاش ئەو ئاگربەستە بەهەند وەربگرێت، چونکە دەبێت کاریگەرییە ئەرێنیەکانی ئەم ئاگربەستە دەربکەون و سەقامیگری بۆ تورکیا و گەلانی تورک بەدوای خۆیدا بهێنێت.

بێستون نەجم

باسیلەوەشکرد: پرۆسەی ئاشتی لەژێر هەرناوێکدا بێت کاریگەرییەکانی لەشەڕ باشترن و پێویستە ئەم ئاگربەستەی کەجەکە دەرگا بەڕووی ئاشتیدا بکاتەوە، چونکە ڕاگرتنی شەڕ و هێنانەکایەی پرۆسەی ئاشتی گرنگ و پێویستە و کورد هێزی زیاتری لە ئاشتیدایە نەک شەڕ.

ئەوەشى خستەڕوو: دەوڵەتی تورک قازانج لە پرۆسەی ئاشتی دەکات و وڵاتەکە دەباتە قۆناغێکی دیکە و ئەمەش ئاڵنگارییەکان لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کەم دەکاتەوە و دۆخی ناوچەکە بەرەو ئارامی هەنگاو دەنێت.

ئ.م

Comments are closed.