لە عەین عیسا گۆشەگیریی و قەدەغەکردنی دیدار لە ئیمراڵی شەرمەزار کرا

ناوەندی هەواڵەکان

هاوڵاتییانی عەین عیسا و کۆچبەرانی گرێ سپی، گۆشەگیریی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و درێژکردنەوەی قەدەغەی ئەنجامدانی دیدار بۆ سێ مانگی تر لە ئیمراڵی-یان، بە گردبوونەوەیەک شەرمەزار کرد و و پەیامی فراوانکردنی بەرخۆدانیان دا.

لە دژی گۆشەگیریی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و درێژکردنەوەی قەدەغەی ئەنجامدانی دیدار بۆ سێ مانگی تر لە ئیمراڵی، دانیشتوانانی عەین عیسا و کۆچبەرانی گرێ سپی گردبوونەوەیەکی جەماوەرییان ئەنجام دا.

سابری نەبۆ، هاوسەرۆکی نووسینگەی پارتی یەکێتی دیموکراتیک (پەیەدە) لە عەین عیسا، لە بەردەم بارەگای پارتەکەیان بەیاننامەی گردبوونەوەکەی خوێندەوە.

لە بەیاننامەکەدا، گۆشەگیریی سەر ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان و سزای نامرۆڤانەی دیسپلین و هێرشەکانی سەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا شەرمەزار کرا.

هەروەها لە بەیاننامەکەدا بانگەوازی لە گەلانی ناوچەکە کرا بەپێی بیرۆکەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان خۆیان بەڕێکخستن بکەن، چونکە ئەوە تەنیا ڕێگەی ڕزگاربوونە لە ستەم و هەژموونی دەوڵەتانی داگیرکەر.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا بێدەنگی هێز و ڕێکخراوه نێودەوڵەتییەکان بەرامبەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و هەڤاڵانی شەرمەزار کرا و داوایان کرد لە جێبەجێکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و مافەکانی مرۆڤ بەرامبەر دەوڵەتی تورک بەرپرسیاری بنوێنن.

ب.گ

Comments are closed.